Abdullah Shukur
01 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2017
ئیستانبوڵ
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم یەپیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی رووسیا، دیمیتری میدڤیدیڤ ئەنجامدا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوەکانی سەرۆکایەتی وەزیرانی تورکیاوە وەرگیراون، ئەمڕۆ بەھۆی کردەوە تیرۆریستییەکەی شاری ئیستانبوڵ میدڤیدیڤ لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم کردووە و پەیامی سەرەخۆشی پێشکەش کردووە. ھاوکات پاڵپشتی رووسیای بۆ تورکیا لە بەرەنگاربوونەوەی دژی تیرۆر دووپاتکردووەتەوە.
میدڤیدیڤ ئاماژەی بەوە دا کە ئەنجامدانی ئەم کردەوە تیرۆریستیانە ھەماھەنگی تورکیا و رووسیا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەھێزتر دەکات. لە بەرامبەردا یڵدرم سوپاسی ھاوتا رووسییەکەی کردووە و زانیاری لەبارەی لێکۆڵینەوەی رووداوەکە پێشکەش کردووە.
ھاوکات یڵدرم لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا رایگەیاندووە کە ھەماھەنگی رووسیا و تورکیا لە بەرامبەر ھەڕەشەی ھاوبەشی تیرۆر بەردەوام دەبێت و ھەڵوێستی تورکیا لەمبارەیەوە ناگۆڕێت.
راشگەیەنرا کە ھەردوو سەرۆک وەزیران باسیان لە رێککەوتنی ئاگربەستی سەرتاسەری لە سووریا و بەرەنگاربوونەوەی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کردووە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی رووسیا،دیمیتری میدڤیدیڤ لەبارەی ھێرشە تیرۆرۆیستییەکەی شاری ئیستانبوڵ، ئاماژەی بەوە داوە کە ھەماھەنگی رووسیا و تورکیا بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا و ئەنجامدانی ئەم ھێرشانە لەم قۆناغەدا ھەڵکەوتە نییە. یڵدرم راشیگەیاندووە سەرەڕای گشت ئەو ھێرشانە، تورکیا و رووسیا بەردەوام دەبن لە گێرانی رۆڵی ئەرێنی بە مەبەستی ھێنانەدی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا".