Ahmet Furkan Mercan
09 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2021
تۆكیۆ – AA
ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی ژاپۆن كه ٧ی تشرینی یه‌كه‌م به گوڕی ٥،٩ پله باكووری رۆژهه‌ڵاتی تۆكیۆی پایته‌ختی هه‌ژاند بریندار بوون، گه‌یشته ٤٣ كه‌س.
ئاژانسی كه‌شناسیی ژاپۆن بڵاوی كرده‌وه بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به گوڕی ٥،٩ ویلایه‌تی چیبا'ی هه‌ژاندووه كه ده‌كه‌وێته باكووری رۆژهه‌ڵاتی تۆكیۆ. بوومه‌له‌رزه‌كه كاتژمێر ٢٢:٤١ له قوڵایی ٨٠ كیلۆمه‌تر له توێكڵی زه‌ویدا رووی داوه.
ئاژانسه‌كه هۆشداری داوه له‌وه‌ی پاشله‌رزه‌ی به هه‌مان گوڕ له‌وانه‌یه تاكوو هه‌فته‌یه‌ك دواتر به‌رده‌وام بن و پێویسته هاووڵاتییان ئاگادار بن و رێوشوێنی پێویست بگرنه به‌ر له ئه‌گه‌ری كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی گاشه‌به‌رد و رۆچوونی زه‌وی.
سه‌ره‌تا ئاژانسی كه‌شناسیی ژاپۆن بڵاوی كردبووه‌وه كه بوومه‌له‌رزه‌كه به گوڕی ٦،١ رووی داوه به‌ڵام دواتر راستی كرده‌وه و كردیه ٥،٩ پله.
ئاژانسی هه‌واڵی Kyodo ئاماژه‌ی به‌وه داوه ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه له تۆكیۆ و ویلایه‌ته‌كانی ده‌وروبه‌ری بریندار بوون گه‌یشتووه‌ته ٤٣ كه‌س و له هه‌ردوو ویلایه‌تی چیبا و سایتاما برینی دوو بریندار سه‌خته.
وه‌زاره‌تی گه‌یاندنی ژێرخانی زه‌وی و گه‌شتوگوزار رایگه‌یاندووه له سه‌رتاسه‌ری تۆكیۆ نزیله‌ی ٧٥ هه‌زار به‌رزكه‌ره‌وه‌ی كاره‌بایی كار ناكه‌ن و ٢٨ حاڵه‌تی گیرخواردن له‌نێو به‌رزكه‌ره‌وه‌ی كاره‌باییی روویان داوه، به‌ڵام ته‌واوی گیرخواردووان رزگار كراون.
هه‌رچه‌ند دوای بوومه‌له‌رزه‌كه ئاژانسی كه‌شناسیی ژاپۆن هۆشداری نه‌دا له روودانی تسونامی، به‌ڵام له دوای ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌ی له ئاداری ٢٠١١ له باكووری رۆژهه‌ڵاتی تۆكیۆ رووی دا كه نۆ پاشله‌رزه‌ی لێ كه‌وته‌وه به به‌هێزترین بوومه‌له‌رزه داده‌ندرێت كه له تۆكیۆی پایته‌خت هه‌ستی پێ كراوه.