Kasım İleri
15 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2023
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ واشنتۆن لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جەیک سولیڤان و راوێژکاری کاروباری سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڤیکتۆریا نولاند کۆبووەوە.
سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە لەو دیدار و کۆبوونەوانەی لە کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە بەڕێوەچوون، باس لە پەیوەندییە سیاسیی و ئابوورییە دووقۆڵییەکان، بوومەلەرزەکانی تورکیا، هاریکاریی لە بواری پیشەسازی بەرگریی، ئاسایشی وزە، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پرۆسەی بە ئەندامبوونی سوید و فینلاند لە ناتۆ، جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، باشووری قەوقاز و پرۆسەی دانوستانی ئازەربایجان و ئەرمینیا کرا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: ''سوپاسی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرا بۆ ئەو پشتیوانی و هاودەنگییەی لە کارەساتی بوومەلەرزەکاندا پێشکەش بە وڵاتەکەمانیان کرد. تورکیا بەردەوامە لەسەر هەوڵەکانی بۆ خێرا ئاوەدانکردنەوە و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ناوچەکانی بوومەلەرزەکان''.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها باس لەوە کراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر رەهەندی ستراتیجیی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا و گرنگی درێژەدان بە هاریکاریی هەردوو وڵاتی هاوپەیمان کراوەتەوە لە پرسە جیهانی و ناوچەییەکان لەسەر بنەمای رێزگرتن و بەرژەوەندی یەکتری.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی ئاسانکاری بکرێت بۆ ئەوەی قەبارەی بازرگانی بگەیەننە ١٠٠ ملیار دۆلار و هاتووە: ''جەخت لەسەر قووڵکردنەوەی هاریکاریی لە بواری پیشەسازی بەرگریی کرایەوە بەبێ هیچ پێش مەرجێک''.
هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە تورکیا پشتیوانی لە سیاسەتی دەرگای کراوەی ناتۆ دەکات و لە چوارچێوەی یاداشتنامەی سێقۆڵییدا پرۆسەی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی سوید و فینلاند خێرا دەکات.
سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە راگەیەندراوەکەیدا باسی لەوە کردووە کە درێژبوونەوەی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا ناسەقامگیریی ناوچەیی و جیهانیی قووڵکردووەتەوە و تورکیاش بەردەوامە لەسەر هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ دۆزینەوەی چارەسەر.
لە کاتێکدا لە راگەیەندراوەکەدا باس لە رۆڵی تورکیا کراوە لە درێژکردنەوەی وادەی رێککەوتننامەی گواستنەوەی دانەوێڵە، جەخت لەسەر ئەوەیش کراوەتەوە کە تورکیا پێداگرانە بەردەوام دەبێت لەسەر بەرەنگاربوونەوەی هەموو رێکخراوە تیرۆریستییەکان، بە پەکەکە/پەیەدە/یەپەگە، داعش و فەتۆ-شەوە.