Dmitri Chirciu
10 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2025
مۆسکۆ - AA
گوتەبێژی کرملین، دیمیتری پێسکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین ئامادەی کۆبوونەوەیە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کە خۆی ئامادە دەکات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا و، گوتی: "بۆ ئەمەیش هیچ مەرجێک دانانرێت".
لە دیداریدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان لە مۆسکۆی پایتەختی وڵاتەکەی، پێسکۆڤ وەڵامی پرسیارەکانی سەربارەت بە ڕۆژەڤ دایەوە.
پێسکۆڤ هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو لێدوانە کرد کە دەگوترێت سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ترەمپ ئامادەی کۆبوونەوەیە لەگەڵ پوتین و بۆ ئەوەیش ئامادەکارییان کردووە و، گوتی: "پوتینیش ئامادەی کۆبوونەوەیە لەگەڵ ترەمپ".
ڕاشیگەیاند: "پوتین دەیانجار باسی لەوە کردووە کە کراوەیە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ. بۆ ئەمەیش هیچ مەرجێکی نییە. ئەمەش پێویستی بە خواست و ئیرادەی سیاسیی هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لە ئارادان لە ڕێگەی دیالۆگەوە. دەبینین ترەمپ ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە دیالۆگ. بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەمە دەکەین. ئەم پرسە هێشتا یەکلا نەبووەتەوە".
پێسکۆڤ ئەوەیشی خستەڕوو کە ئەم پرسە لە ٢٠ی کانوونی دووەمدا دوای ئەوەی ترەمپ پۆستی سەرۆکایەتی وەرگرت یەکلا دەبێتەوە.