Mazın Asad
02 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 03 مای,س 2017
سوچی - AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین رایگەیاند پێویستە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی فراوان و بێلایەن لەسەر ھێرشە کیمیاییەکەی سەر شاری ئیدلب، بەرپرسیارانی بدۆزرێتەوە و سزا بدرێت.
پوتین لە شاری سوچی لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ کۆبووەوە و دواتر ھەردوو سەرکردە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان ساز کرد.
سەرۆکی روسیا ڤلادیمیر پوتین ئاماژەی بەوە دا کە لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مێرکڵ پرسی قەیرانی سووریایان تاوتوێ کردووە و پشتیوانی خۆی بۆ قۆناغی ئاستانا و جنێڤ دووپات کردەوە و گوتیشی: "پێموایە پرسی سووریا تەنھا بە رێگەی ئاشتی و لە ژێرچاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان چارەسەر دەبێت".
پوتین روونیشی کردەوە کە لە بارەی قەیرانی سووریاوە لە پەیوەندیدان لەگەڵ ئەمریکا و گوتیشی: "بێگومان بێ بەشداری وڵاتێکی وەک ئەمریکا، ئەستەمە چارەسەری ئەم کێشانە بکرێت. بۆیە لەگەڵ ھاوبەشە ئەمریکییەکان لە پەیوەندیداین و لەم پەیوەندییەش بەردەوام دەبین. ھیواخوازم لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا ھەنگاوی ھاوبەش لەوبارەیەوە دەھاوێژرێت".
سەرۆکی رووسیا لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوەش کردەوە کە لە پێناو کۆتایی ھێنان بە شەڕی سووریا، لە ھەموو ھەڵومەرجەکان گشت بەرپرسیارێتیان جێبەجێ دەکەن و راشیگەیاند بەر لە ھەموو شتێک پێویستە ئاگربەست لەو وڵاتە دەستەبەر بکرێت.
پوتین ھەر لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەش دا کە تورکیا، ئێران رووسیا لە چوارچێوەی قۆناغی ئاستانا پێکەوە ئەم کارەیان کردووە و زیاتر گوتیشی: "ئێمە دەمانەوێت ئاگربەستەکە پتەو بکرێت. بەو ھۆیەوە نوێنەرەکانمان سبەی و رۆژی دواتر لەگەڵ لایەنە شەڕکەرەکان لە کارکردن بەردەوام دەبین".
سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی فراوان و بێلایەن لەسەر ھێرشە کیمیاییەکەی سەر شاری ئیدلب ئەنجام بدرێت و گوتیشی: "بە توندی ئیدانەی بەکارھێنانی ھەموو جۆرە چەکێکی کیمیایی دەکەین. پێویستە بەرپرسیارانی کوشتنی هاووڵاتیانی سووری بدۆزرێتەوە و سزا بدرێت".