Sangar Hamad Azeez
09 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2018
بۆگۆتا - AA
خۆپیشاندانەکان لە کۆڵۆمبیا کە بەهۆی زیادکردنی باج و داواکردنی زیادکردنی بوودجەی وەزارەتی خوێندنی باڵا چەندین مانگە درێژەیان هەیە، بەهۆی پێکهەڵپڕژانی خۆپیشاندەران و پۆلیس توندوتیژی لێکەوتەوە.
لە بۆگۆتای پایتەختی وڵاتەکە بەهۆی بەشداریکردنی گرووپێک قوتابی لە خۆپیشاندانەکان و پەلاماردانی پۆلیس چەندین رووداوی نەخوازراو هاتەئاراوە.
خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی رادیۆ و بۆمبی دەستیان خستە ژوورەوە و لە چەند شوێنێکیش بە مۆلۆتۆڤ هێرشیانکردە سەر پۆلیس.
خۆپیشاندەران رەخنە لە پەسەندکردنی بوودجەی گشتی ساڵی ٢٠١٩ دەگرن، لەوەی بەشە بوودجەی خوێندنی باڵا لە بوودجەی گشتی بۆ ماوەی چەند دەیەیەکە ھیچ دەستکاری نەکراوە و وەک خۆیەتی، ئەوەش رەوشی قوتابیانی زانکۆ و فێرکردنی لە کۆڵۆمبیا خراپ کردووە.
مانگی رابردوو سەرۆکی کۆڵۆمبیا ئیڤان دوکی لەگەڵ ژمارەیەک ئەکادیمیست کۆبووەوە و بەڵێنی ئەوەی دا کە بوودجەی وەزارەتی خوێندنی باڵا زیاد بکات و بەڵام سەرەڕای بەڵێنەکەی خۆپیشاندانەکان درێژەیان هەیە.