Sarmand Hameed
09 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2018
غەززە - AA
لە ئاکامی تەقەی سەربازانی ئیسرائیلی بەڕووی خۆپیشاندەرانی فەڵەستینی لە میانی بەشدارییکردنیان لە خۆپیشاندانەکانی گەڕانەوەی گەورە لە نزیک سنووری کەرتی غەززە، ٣٧ خۆپیشاندەر برینداربوون.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاندووە، سەربازانی ئیسرائیلی تەقەیان لەو خۆپیشاندەرە فەڵەستینییانە کردووە کە لە باکووری کەرتی غەززە گردببوونەوە و بەهۆیەوە، ٣٧ خۆپیشاندەر برینداربوونە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە برینی یەکێک لە بریندارەکان سەختە کە گوللـەیەک بە ملی کەوتووە و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی غەززەی ئەورووپی لە باشووری کەرتی غەززە چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە روونی کردووەتەوە کە لەنێو بریندارەکاندا، شەش منداڵ و نۆ ئافرەت هەن، و هیچ وردەکارییەک لەبارەی دۆخی تەندروستییانەوە نەخراوەتە روو.