Safiye Karabacak
16 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 16 مای,س 2022
رامەڵڵا - AA
لە ئاکامی رووداوەکانی کەناری رۆژئاوای داگیرکراو ١٠ فەڵەستینی بە تەقەی سەربازانی ئیسرائیل برینداربوون کە حەوتیان لە ئەنجامی بەکارھێنانی فیشەکی راستەقینە بوو.
سەربازانی ئیسرائیل، رێگریان لەو خۆپیشاندانانە کرد کە بەبۆنەی ٧٤ھەمین ساڵڕۆژی نسکۆ لە دەروازەی شارەکانی رامەڵڵا و بعرا لە کەناری رۆژئاوا بەڕێوەچوو و لە بەرامبەردا فەڵەستینییەکان بە تێگرتنی بەرد وەڵامی سەربازانی ئیسرائیلیان دایەوە.
لەو راگەیەندراوەی کە لە مانگی سووری فەڵەستینییەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لە ئاکامی ئەو پێکدادانەی کە لە دەروازەی شارەکانی رامەڵڵا و بعرا لە نێوان فەڵەستینییەکان و سەربازانی ئیسرائیل کەوتووەتەوە ١٠ فەڵەستینی برینداربوون کە حەوتیان بە فیشەکی راستەقینە و سێ کەسیان بە فیشەکی پلاستیکی بووە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە ئەو کەسانەی بە فیشەکی راستەقینە برینداربوون گوازراونەتەوە بۆ کۆمەڵگەی پزیشکیی رامەڵڵا و جگە لەوە دوو کەس تووشی برینی سووک بوونە و چوار کەسی دیکەش بەھۆی گازی فرمێسکڕێژەوە دۆخی تەندروستییان تێکچووە.
لەلایەکی دیکەوە، بەپێی ھەواڵێکی ئاژانسی فەرمیی ھەواڵی فەڵەستین (WAFA) رووداوی ھاوشێوە لە زانکۆی تەکنیکیی خودوری لە توڵکەرەم و زانکۆی قودس لە شارەدێی ئەبو دیس روویداوە و دەیان خوێندکار بەھۆی گازی فرمێسکڕێژەوە دۆخی تەندروستییان تێکچووە.