Dlshad Saifaalddin Ahmed
13 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2016
لە شاری سلێمانی رێكخراوی وۆرك بە هاوبەشی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، دیبەیتێكی بۆ هەریەك لە سەرۆكی فراكسیۆنەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بارەی پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2017ی عێراق و پشكی كورد لە پڕۆژە یاساکە سازكرد.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئاڵا تاڵەبانی گوتی: "لە بوودجەدا پارەیەكی زۆر بۆ ناوخۆ دەڕوات و ئێستاش كە حەشدی شەعبی دروست بووە، هەموو بوودجەی وڵات بۆ ئەوانە دەڕوات، لە عێراقدا پڕۆژەی خزمەتگوزاری و دروستكردنی قوتابخانە و پڕۆژەی ئاوەدانكردنەوە وەستاوە و تەنها مووچە وەك خۆی دەدرێت".
ئاڵا تاڵەبانی گوتیشی: "حكوومەتی عێراق هیچ گرنگ نییە بەلایەوە ئێمە مووچە وەردەگرین یان وەری ناگرین، لە پێش هەموویانەوە حەیدەر عەبادی كە ئەم كێشە گەورەیە بۆ خۆی بۆ زیاد بكات و سوودمەندە لەوەی ئەم دۆخە بەو شێوەیە وەك خۆی بمێنێتەوە".
ئەو هەروەها گوتی: "ئەگەر ئێمە ئەو بڕە نەوتەی لە بوودجەدا هاتووە 550 هەزار بەرمیل رادەست بكەین، ئەوكات عەبادی ناچارە پارەی تریشی بخاتە سەر و بوودجەكەمان بۆ بنێرێت، چونكە بوودجەی عێراق تەنها 250 هەزار بەرمیلی هی كوردستانە و ئەوەی دیکەی لە شارەكانی تری عێراقە".
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی گوت: "دوای دەرچوونی ئەو پڕۆژە یاسایە و رادەستكردنی بڕی نەوتەكەمان بە بەغدا، بەپێی پڕۆژە یاساكە بەغدا پێویستە لەسەری تەواوی شایستە داراییەكانمان بۆ رەوانە بكات و پارەی تریشی بخاتە سەر، ئەگەرنا بەپێی یاسای سزاكان سكاڵای لەسەر تۆمار دەكەین".
ئاڵا تاڵەبانی داوای لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ نیشاندانی نیازپاكی خۆی ئەو بڕە نەوتەی کە لە بوودجەدا دیاری كراوە رادەستی بەغدای بكات، ئەوكاتەش پێویستە لەسەر بەغدا 17 لەسەدی بوودجەكەی رەوانەی كوردستان بكات.
لەلای خۆیەوە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق كاوە محەمەد گوتی: "ئەگەر هەرێمی كوردستان 550 هەزار بەرمیل نەوتەكەی رادەستی بەغدا كرد، ئەوكات تەنها 17 لەسەدەكەی بوودجەی عێراقمان دەست ناكەوێت، جگە لەوە لە قەرزە نێودەوڵەتییەكان بەشی خۆمان وەردەگرین، هەروەها ئەگەر حكوومەتی عێراقی بۆ تەواوكردنی مووچە لە یەدەگی بانكی ناوەندی پارە دەربهێنێت ئەوكات ئێمەش داوای پشكی خۆمان دەكەین".
كاوە محەمەد گوتیشی: "لە بەرامبەر رادەست كردنی بڕە نەوتی داواكراو، مانگانە لانی كەم 500 ملیۆن دۆلار دەدرێتە هەرێم، ساڵانە نزیكەی یەك ترلیۆن دینار خەرجی حاكیمەمان هەیە، هەروەها نزیكەی دوو ملیار و نیو دینار سیادی وەردەگرین، بە كەركووك و هەرێمەوە نزیكەی 420 ملیۆن دۆلار پترۆ دۆلار وەردەگرین، هەرێم نزیكەی 60 ملیۆن دۆلار گەشەپێدانی هەرێمەكانی هەیە، بە پابەندبوونی هەرێم تا ساڵی 2017 نزیكەی 10 ترلیۆن دینار دەدرێتە هەرێم و ئەوانەش دەستكەوتن بۆ خەڵكی كوردستان".