Salih Bilici,Ramal Abdullah Mahmood
17 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2017
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە مشتومڕەکانی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە لایەن هەرێمی کوردستانی عێراقەوە، رایگەیاند ''ئەو هەڵوێستەی حکوومەتی ناوەندیی عێراق لەوبارەیەوە گرتوویەتییەبەر، بەدڵنیاییەوە مافی سرووشتی خۆیانە وەک دەسەڵاتدارانی پێکهاتەیەکی فیدراڵیی، ئێمە کارمان بەسەر ئەوەوە نییە، بەڵام وەک ئەوەی کە دەیبینین بۆچوونمان وەک یەکە. لە ئەمریکاش کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ حەیدەر عەبادی-دا دەبێت، بەڵام وەک ئەوەی کە دەیبینین لەسەر هەمان ئاراستە هەنگاو دەنێین. ئەو ئاراستەیەش چییە؟ یەکپارچەیی عێراقە کە دابەش ناکرێت''.
بەر لە بەڕێکەوتنی بەرەو شاری نیویۆرک بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجام دا.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە مشتومڕەکانی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە لایەن هەرێمی کوردستانی عێراقەوە، گوتی: ''ئەو هەڵوێستەی حکوومەتی ناوەندیی عێراق لەوبارەیەوە گرتوویەتییەبەر، بەدڵنیاییەوە مافی سرووشتی خۆیانە وەک دەسەڵاتدارانی پێکهاتەیەکی فیدراڵیی، ئێمە کارمان بەسەر ئەوەوە نییە، بەڵام وەک ئەوەی کە دەیبینین بۆچوونمان وەک یەکە. لە ئەمریکاش کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ حەیدەر عەبادی-دا دەبێت، بەڵام وەک ئەوەی کە دەیبینین لەسەر هەمان ئاراستە هەنگاو دەنێین. ئەو ئاراستەیەش چییە؟ یەکپارچەیی عێراقە کە دابەش ناکرێت. پرۆسەیەک هەیە کە ئێمەی نیگەران کردووە. چییە ئەوە؟ ئێمە شتێک دەڵێین. ئێمە خاوەنی ٣٥٠ کیلۆمەتر سنوورین لەگەڵ ئەوێ. لەوێ هاونەژادەکانمان بوونیان هەیە، هاوئایینەکانمان بوونیان هەیە. ئەوانیش بەهەمان شێوە. ئێمە لە بنەڕەتدا رۆڵەی هەمان شارستانییەتین. واتە کە ئەوان کورد، تورکمان و عەرەب بن و ئێمەش تورک بین، ئەوە ئێمە لە یەکتری جیاناکاتەوە، بەڵام ئەگەر بێت و ئێوە ئەم تێگەیشتنە بەداخەوە بۆ هەنگاوێک کە دابەشکاریی عێراقی لێبکەوێتەوە، بگۆڕن، ئەوا ئێمە پێتان ناڵێین 'فەرموون بەردەوام بن'. ئێمە ئەمەمان چەند جارێکە پێ گوتوون لە کۆبوونەوە دووقۆڵییەکانیشماندا پێمان گوتوون. ئێمە لەوبارەیەوە هەڵوێستێکی جیاوازمان هەیە. کاتێک کە تووشی ناڕەحەتی ناهەمواریی دەبیتەوە، دێیت و لە دەرگامان دەدەیت، هەموو پشتیوانییەکت لە ئێمە وەردەگریت، بەڵام کە باس دێتە سەر پارچەپارچەکردنی عێراق، تۆ ئەوە دەڵێیت کە خۆت دەیزانیت''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتی: "ژمارەیەک کۆبوونەوەی ئاستبەرز لە بارەی ئاشتی نێودەوڵەتی و خاڵی وەدیهێنانی ئاسایش و خۆشگوزەرانی کە بە پێویستی دەزانین، ئەنجام دەدرێن. یەکێک لەوانە کۆبوونەوەی گرووپی پەیوەندی موسڵمانانی رۆهینگیایە وەک سەرۆکی خولی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی. پێموایە تراجیدیای مرۆیی ئاراکان کردنە رۆژەڤی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئێجگار گرنگە کە بە هۆی وڵاتەکەمانەوە ژمارەی وڵاتانی بەشداربوو بەرزبۆتەوە. وەکو تورکیا هیوادارین لە کۆبوونەوەکە بۆ چرکەساتێکیش بێت چارەسەر بۆ رەوشی خوشک و براکانی ئاراکان بدۆزینەوە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا کە لە پەراوێزی سەردانەکەیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆکوەزیران و سەرۆکی وڵاتان، لەنێو ئەوانیشدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کۆدەبێتەوە و گوتی: "گرنگی تایبەت دەدەین بەو کۆبوونەوەیەی لەگەڵ ترەمپ دەیکەین. کۆبوونەوەکە هاوکاتە لەگەڵ ژمارەیەک بەرەوپێشچوونی هەستیاری ناوچەیی. ژمارەیەکی زۆر بابەتی گرنگ لە رۆژەڤماندایە. باوەڕم وایە کۆبوونەوەکە دەرەنجامی بە سوودی بۆ هەردوولا دەبێت''.
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، ئەردۆغان گوتی: "رێک لەبەرامبەر بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک لە یەکێک لە ناوچەکانی ناوەندی نیویۆرک، خانەیەکی تورکان درووست دەکەین. ئەو بینا نوێیە شایستەی وڵاتەکەمان دەبێت کە لە گەورەبوون و گەشەسەندن و بەرزبوونەوەی پێگەکەیدایە. ئامانجمان ئەوەیە درووستکردنی ئەو بینایە لەماوەی ٣٦ مانگدا تەواو بکەین. بیناکە لە ٣٢ نهۆم پێکدێت و لە رووی ئەوەی کە لەبەرامبەر بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان و لە رووی ئەوەش کە لە ناوچەیە پڕ جموجۆڵدا درووست دەکرێت، دەبێتە ناوەندێکی خزمەتکردن کە شایستەی شکۆی تورکیا بێت''.