Zana Natık Kerem
17 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2017
نەینەوا ــ AA
ئەفسەر لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا، موقەدەم سەبهان حامد رایگەیاند، لە ئاكامی هێرشێكی خۆكوژی داعش كە بنكەیەكی سەربازی هێزەكانی ئەمریكای لە سنووری پارێزگای نەینەوای كردە ئامانج، سێ تیرۆریست كوژران.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، سەبهان حامد گوتی: "درەنگانی شەوی رابردوو، سێ خۆكوژی داعش دزەیان كردە ناو بنكەی هێزەكانی ئەمریكا لە ناحیەی قەراج سەربە قەزای مەخموور باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەوا".
ئەفسەرەكە گوتیشی: "هێزەكانی ئەمریكا توانیان یەكێك لە خۆكوژەكان بكوژن و دووانەكەی دیكەش لەناو بنكەكەدا، خۆیان تەقاندەوە".
ناوبراو باسی لەوەش كرد كە پێشبینی دەكرێت، داعشە خۆكوژەكان لە قەزای حەویجە یان لە بەشی رۆژهەڵاتی قەزای شەرگاتەوە دزەیان كردبێتە ناو بنكەکە.
سەبهان حامد، زیانە گیانییەكانی هێزەكانی ئەمریكا، ئاشكرا نەكرد.
ماوەیەك لەمەوبەر، هێزەكانی ئەمریكا بنكەیەكی سەربازییان لە گوندی پونگینە سەربە ناحیەی قەراج لە قەزای مەخموور دامەزراند بە ئامانجی پێشكەشكردنی پشتیوانی و رێنمایی بە هێزە عێراقییەكان لە كاتی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای حەویجە.