Hamit Hüseyin
16 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 17 تشرینی یەکەم 2019
ھەولێر - AA
ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن کۆبووەوە.
بەپێی ھەوالێکی ماڵپەڕی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، گفتوگۆ دەربارەی بابەتی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ حکوومییەکان کرا بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٥-٢٠١٦ و لەمبارەیەوە دوای ئەوەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئارام محەمەد راپۆرتێکی پێشکەشکرد و ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە دامەزراندنیان وەک قۆناخی یەکەمی دامەزراندنی یەکەمەکان.
دواتر وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو،بێگەرد تاڵەبانی پڕۆژەیەکی دەربارەی بەبازاڕکردنی ناوخۆیی گەنمی بەرھەمھێنراو لە ھەرێمی کوردستان خستەڕوو.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ یەکێکە لە ئەرکە لە پێشینەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە جۆرێک کە پێویستە کار لەسەر دابینکردنی ئاسایشی خۆراک بکەین و ھەوڵیش بدەین بازاڕ بۆ بەرھەمە کشتوکاڵییە ناوخۆییەکانی ھەرێمی کوردستان بدۆزینەوە.
ئەنجوومەنی وەزیران لەمبارەیەوە بڕیاریدا، چەند وەزارەت و فەرمانگە و دەستەیەکی حکوومەت رابسپێرێت بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لەبارەی پرۆژەکە بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.
ئەنجوومەنی وەزیران ھەروەھا گفتوگۆی دەربارەی چەند گرفتێکی پەیوەندیدار بە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی کرد کە لە لایەن وەزیری پیشەسازی و بازرگانی، کەمال موسلیم پێشکەش کرا و لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردران بۆ چارەسەرکردنیان .
لە کۆتاییدا وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، ڤاڵا فەرید کورتەیەکی دەربارەی پرۆژەیاسای ماددە ھۆشبەرەکان پێشکەشکرد .
وەزیرە پەیوەندیدارەکان راسپێردران لە داھاتوویەکی نزیکدا را و سەرنجی خۆی دەربارەی ئەو ماددانە بخەنەڕوو کە پەیوەندیدارن بە کاروباری وەزارەتەکانیان تا لە نزیکترین دەرفەتدا بنێردرێت بۆ پەرلەمان .