دهۆک
شاندەكەلە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری عێراق برێت مەكگۆرك و باڵیۆزی نوێی ئەمریكا لە عێراق ستیوارت جۆنز و ژمارەیەك دێبلۆمات و راوێژكار پێكهاتبوو.
بەپێی راگەیاندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، جێگری راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا تۆنی بلینكێن داوای لە بارزانی كردووە سەرنج و تێڕوانینی خۆی لەبارەی رەوشی ئێستا بخاتەڕوو.\.
لە بەرامبەردا بارزانی رایگەیاندووە كە گەشەكردن و بەهێزبوونی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی ناوسرا بە (داعش) لە عێراق "بەهۆی ئەو سیاسەتە هەڵانەوە بوو كە حكومەتی پێشووی عێراق ئەنجامیدا."
بارزانی گوتویەتی: "ئەگەر چارەسەرێكی سیاسی بۆ ناڕەزایەتییەكانی ناوچە سونەنشینەكان بكایا، داعش نەیدەتوانی بەوشێوەیە گەشە بكا، بەڵام سیاسەتە هەڵەكانی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق بەرامبەر ناڕەزایەتییەكانی ئەو ناوچانە بوونە هۆی ئەوەی زۆربەی سونەكان وەك رزگاریبەخشێك بڕواننە داعش و لە دەوری كۆببنەوە."
بارزانی ئەوەشی خستووەتەڕوو كە حكومەتی ئەوكاتی بەغدا لە بری چارەسەركردنی هۆكارەكانی ئەو شكستەی بەسەر سوپای عێراقدا هات، "هەوڵیداوە شكستی سیاسەتەكانی خۆی و سوپاكەی بەوە پەردەپۆش بكا كە تۆمەت بۆ هەرێمی كوردستان هەڵبەستێ بەوەی داڵدەی سەركردە ناڕازییەكانی سونەی داوە، لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان پێشتر پەناگەی لێقەوماوانی شیعە بووە و ئێستاش سەدان هەزار لێقەوماوی ناوچە جیاجیاكانی عێراق لە پێكهاتە ئاینیی و نەتەوەیی و ئیتنییە جیاجیاكان لە ترسی تیرۆر و زوڵم، هانایان بۆ كوردستان هێناوە." وەك لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە.
بارزانی سەبارەت بە هپَرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان لە لایەن داعشەوە رایگەیاندووە، داعش كتوپڕ بەو چەكە پێشكەوتووانەی لە شكاندنی هەردوو سوپای سوریا و عێراق دەستیانكەوتبوو پەلاماری هەرێمیان داوە، بەو هۆیەش كە پێشمەرگە چەكی پێشكەوتوو و قورسیان لەبەردەستدا نەبووە، لە سەرەتادا داعش توانی لە چەند ناوچەیەك پێشڕەوی بكا، بەڵام دوای ئەوە هێزی پێشمەرگە كەوتنە حاڵەتی هێرشبردن و ئێستا زۆربەی ئەو ناوچانە كۆنترۆڵكراونەتەوە و جەخی كردووەتەوە كە ئەو شوێنانەی تا ئێستاش لە ژێر كۆنترۆڵی داعشدان، كۆنترۆڵ دەكرێنەوە.
هەروەها گوتویەتی: "تیرۆریستان تەنیا لەبەرەی شەڕ لەگەڵ كورددا شكاون و لە شوێنەكانی دیكە هیچ بەرگرییەك بەرامبەر داعش ناكرێ."
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەشی راگەیاندووە كە "نابێ عێراقییەكان تەنیا چاویان لە دەستی پێشمەرگە بێ بۆ شكاندنی داعش، چونكە ئێمە ناوچەكانی خۆمان ئازاد دەكەین و ناكرێ ئەوان هەر تەماشاچی بن و پێویستە خۆیان ڕێكبخەنەوە و ناوچەكانیان لە داعش پاكبكەنەوە.:
جەختیشی كردووەتەوە كە تەنیا كردەوەی سەربازی بۆ شكاندنی داعش بەس نییە و پێویستە سەرچاوە داراییەكانیان وشك بكرێ و رێگەی هاتنی كەسانی دیكە بۆ ناو ئەو رێكخراوە بگیرێ.
دواتر بارزانی سوپاسگوزاری خۆی پێشكەشی ئەمەریكا كردووە بۆ پێشكەشكردنی پشتیوانی ئاسمانیی بۆ شاری كۆبانێ.
ئاماژەی بەوەشكردووە كە لێدانی داعش لەناو خاكی سوریا گرینگە بۆ ئەوەی لەناو عێراق نەتوانن سوریا وەك پەناگە بەكاربێنن.
باسكردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو. بەڵام لە راگەیاندراوەكە هیچ وردەكارییەكی زیاتر بڵاونەكراوەتەوە.
لە دیدارەكەدا راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەریمی كوردستان مەسرور بارزانی و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان فوئاد حوسێن بەشداربوونە.