ههولێر - شوان سدیق
ئەمرۆ پەرلەمانی كوردستان، خوێندنەوەی یەكەمی بۆ چوار پرۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی ژمارە یەكی ساڵی 2005 كردو پرۆژەكانیش رەوانەی لیژنەی یاسایی كران.
لەو دانیشتنە وەك ناڕەزاییەك فراكسیۆنی پارتی دیمكراتی كوردستان، بەشدار نەبوون و بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد بە پێچەوانەوە فراكسیۆنەكانی گۆران، یەكێتی، یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی و فراكسیۆنەكانی تر بەشداریان كرد.
لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش جێگری سەرۆكی پەرلەمان، جەعفەر ئیبراهیم كە نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستانە بەشداری كۆبوونەوەكەی نەكرد.
ئەندامی فراكسیۆنی پ.د.ك لە پەرلەمانی كوردستان شوان شێخ ئەحمەد بۆ ئانادۆڵو گوتی: "ئەوەی ئەمرۆ لە پەرلەمانی كوردستان، روویدا پێچەوانەی سازان بوو لە نێوان لایەنەكانی سیاسی، ئێمە پێمانوایە سەرۆكی پەرلەمان بە تایبەتی سەرۆك و سكرتێر زیاتر بە قسەی حزبەكانیان كرد نەك بەو شێوەی بێن پابەندی سازان بن".
ئەو پەرلەمانتارەی پ.د.ك لە پەرلەمانی كوردستان، كە حزبەكەی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە لە خولی چواری پەرلەمان و 38 كورسیان هەیە. دەڵێت "ئێستاش لایەنەكان پێویستیان بە سازانە ئەگەر سازان نەكرێت، هەموو خەڵكی كوردستان زەرەر مەند دەبێت چونكە بارودۆخی هەرێمی كوردستان، نالەبارە قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و كێشە هەیە لە نێوان هەولێر و بەغدا".
لەلای خۆیەوە ئەندامی فراكسیۆنی سەوز لە پەرلەمان سالار مەحموود بۆ ئانادۆڵو رایگەیاند "هیوادارین هەموو لایەنەكان پرسی سەرۆكایەتی هەرێم بە بەرپرسیارێتی بخوێننەوە، ئێمە نامانەوێت بۆشایی یاسایی دروست ببێت، لە هەرێمی كوردستان لەكاتێكدا 20ی ئابی داهاتوو ماوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، تەواو دەبێت و ئێستاش كۆمسیۆن ناتوانێت هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم ئەنجام بدات، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە لەناو پەرلەمانی كوردستان، پرسی سەرۆكایەتی یەكلای بكرێتەوە و هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی هەرێم بكرێت، بەپێی هەمواركردنەوەی یاسایی سەرۆكایەتی دەڵێت سەرۆك لەناو خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام یاسایی ژمارە 19ی سەرۆكایەتی كە ویلایەتی سەرۆكی درێژكردنەوە لەناو پەرلەماندا بووە، سەرۆكی هەرێمیش دوو خولی تەواو كردوە، خولێكی لەناو پەرلەماندا بووە".
گوتیشی پەرلەمان دامەزراوەیەكی گرنگە كاك مەسعود خۆی پەرلەمان بە دامەزراوەیەكی گرنگ ناوزەند دەكات بۆیە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم بابەتێكە ناكرێت بە گرژی وەربگرێت".
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی ی.ن.ك كە حزبەكەی 18 كورسی پەرلەمانی هەیە و سێیەم فراكسیۆنی ناو پەرلەمانە دەڵێت "ئێستا پرۆژە یاساكان كە خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ كراوە، رەوانەی لیژنەی یاسایی كراوە، دەكرێت فراكسیۆنەكان بەشداربن لە داڕشتنەوەی پرۆژەیەكی تەواو و تۆكمە بۆ ئەوەی یاسای سەرۆكایەتی ژمارە یەكی ساڵی 2005ی سەرۆكایەتی هەرێم هەموار بكرێتەوە".