ھەولێر
وەفدێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەگەڵ ھەریەك لەمەكتەبی سیاسی یەكگرتوو و مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا قەیرانەكانی ھەرێم و پرسی ویلایەتی سەرۆكی ھەرێم و ھەمواركردنەوەی دەستوور و چەند پرسێكی دیكە تاوتوێ كران.
لە ھەمان كاتدا لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان پرۆژە یاسای ویلایەتی سەرۆكی ھەرێم خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا و لەو دانیشتنەدا فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشدار نەبوو و فراكسیۆنەكانی گۆران، یەكێتی، یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی بەشداریان كرد.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە بارەگای یەكگرتووی ئیسلامی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان مەلا بەختیار گوتی: "كۆبوونەوەكە بۆ تاوتوێ كردنی پرسەكانی ھەنوكەیی ھەرێمی كوردستان بوو، ھەروەھا خاڵی ھاوبەش و گرنگ لەنێوان ھەردوولاماندا زۆر بوو و ئەمەیش بەھەستكردن بە بەرپرسیارێتی مێژووی نەتەوەییە و ئێمە ھەوڵی یەكلایی كردنەوەی پرسەكان دەدەین".
گوتەبێژی رەسمی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان عیماد ئەحمەد لە بارەی كۆبوونەوەی یەكێتی لە گەڵ كۆمەڵ گوتی: "پرۆژەكەی یەكێتی نەوەستێنراوە و ھەروەك پرۆژەكانی لایەنەكانی تریش ئامانج لێیان سازانە بۆ خزمەتكردنی میللەتەكەی خۆمان و كۆبوونەوەكان بۆ ئەوەیە كە پرسی سەرۆكایەتی بە لێكتێگەیشتن و تەوافقی ھەموو لایەك بێ و ئێمە بە سیستەمی پەرلەمانی رازین و پەسەندی دەكەین و دەبێت ھەموومان ئەو دۆخەی ئێستای كوردستان بپارێزین و بەرەو پێشی ببەین لە كووبوونەوەكە لە زۆر خاڵ یەك رای بووین".
ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی محەمەد حەكیم بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "لە كۆبوونەوەكەدا باس لەوە كراوە كە لە ھەرێمی كوردستان ھەموو لایەنەكان و بە تایبەتی ھەر پێنج لایەنی سەرەكی سازان بكەن لە سەر پرسەكانی نشتیمانی و ئەوەی لە پەرلەمان ئەمڕۆ بەرێوەچوو بە ئاسایی دادەنرێت و ئەوان بە رێگەی یاساییەوە كاری خۆیان دەكەن و خوێندنەوەی بۆ بكەن و پرسی سەرۆكایەتی ھەرێمیش زۆر ھەستیارە و پێویستە كە ھەموو لایەك لە سەری كۆ ببنەوە".