وەزیری دەرەوەی جەزائیر رامتانە لامامرا ئاشكرایكرد بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ قەیرانی سوریا وڵاتەكەی بەشداری كۆنفڕانسی جنێڤ ٢ دەكا كە بڕیارە لە ٢٢ ی كانونی دوەمی ساڵی داهاتودا ببەسترێ.
لامامرا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری گەیاندنی جەزائیر رایگەیاند بە بڕیارێكی سەركۆماری جەزائیرعەبدول عەزیز بوتەفڵیقە بەشداری لە كۆنفرانسی جنێڤ ٢ دەكەن.
لامامرا گوتی: "ئێمە پشتگیریەكانی خۆمان لە نونەری تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری سوریا ئەخزەر ئیبراهیمی ڕاناگرین و لەو پشتگیریە بەردەوام دەبین كە هەمو كات هەوڵی زۆر بۆ رزگاركردنی برا سوریەكانمان لە نەهامەتی و قەیرانەی كە ئێستتا تێیكەوتوون دەدا."
وەزیری دەرەوەی جەزائیر ئومێدی خواست كۆنفڕانسی جنێڤ ٢ بەرپرسیارێتی چارەسەركردنی قەیرانەكانی سوریا و پاراستنی یەكڕیزی خاكی سوریا لە ئەستۆ بگرێ و بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ هەرپێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەی نەتەوەیەكگرتووەكان و وڵاتانی عەرەبی چەند كۆبونەوەیەكیان ئەنجامداوە.