Zana Natık Kerem
07 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 08 شوبات 2022
ھەولێر ــ AA
بڕیاربوو ئەمڕۆ دووشەممە حەوتی شوباتی ٢٠٢٢، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ ئەنجام بدرێت، بەڵام بەھۆی ئەوەی رێژەی یاسایی ئامادەبوون بۆ دانیشتنەکەی ئەمڕۆ تەواونەبووە، دانیشتنەکە ئەنجام نەدرا.
رۆژی ٢٧ی مانگی کانوونی دووەمی رابردوو، دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆژی حەوتی شوباتی ٢٠٢٢ی بۆ دانیشتنی تایبەت بە ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ دیاریی کردبوو.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەتوون لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا لە کۆی ٣٢٩ ئەندام، تەنھا ٥٨یان ئامادەبوون، بەمەیش رێژەی یاسایی تەواونەبووە و دانیشتنەکەیش ئەنجام نەدرا.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت پێشتر ھەریەک لە فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، رەوتی سەدر، ھاوپەیمانی سەرەوەریی و تورکمان رایانگەیاند کە بەشداری لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا ناکەن.
ھاوکات دوێنێ لایەنەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە ھەریەک لە ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانیی فەتح، بزووتنەوەی عەتا، بزووتنەوەی حقووق و پارتی فەزیلە رایانگەیاندبوو کە لەگەڵ ئەوەدا نیین، ئەمڕۆ دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆمار ئەنجام بدرێت، تا ئەو کاتەی لایەنەکان دەگەن بە لێکتێگەیشتن و رێککەوتن.
لە دوای ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنەکە لە رۆژی نۆی کانوونی دووەم بەڕێوەچوو، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرکۆمار کردەوە.
بەپێی خاڵی/ب لە بڕگەی دووەم لە ماددەی ٧٢ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق، پێویستە لە ماوەی ٣٠ رۆژ لە دوای یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرکۆمار لەلایەن ئەنجوومەنەوە دەنگی پێ بدرێت.