Ramal Abdullah Mahmood
06 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 06 حوزەیران 2017
نەتەوە یەکگرتووەکان – AA
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئانتۆنیۆ گوتێرێس، داوای لە ئیسرائیل کرد کۆتایی بە داگیرکردنی فەڵەستین بهێنێت کە ماوەی ٥٠ ساڵە بەردەوامە، ئاماژەی بەوەش دا تاکە رێگای هێنانەدی ئاشتی یەکجارەکی کۆتایی هێنان بەو داگیرکارییە و ئەگەری گەیشتنە چارەسەریش دوو دەوڵەتە کە دانووستانی لەسەرکراوە.
لە ٥٠ەمین ساڵوەگەڕی داگیرکردنی فەڵەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە گوتێریس راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وەبیری هێنایەوە کە ئەو داگیرکارییە بووەتە بارگرانییەکەی زۆر قورس بەسەر گەلی فەلەستینەوە و ناچاری کردوون نەوە دوای نەوە بەهەژاری و نەداری لە کەمپەکانی پەنابەران ژیان بەسەربەرن.
گوتێرێس ئاماژەی بەوە داوە ئەو داگیرکارییە بووەتە هۆی ئەوەی شێوازی ژیان فەڵەستینی و ئیسرائیلییەکان بگۆڕێت و رووداوەکانی توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە بکاتە دیاردە. ناوبراو سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا بەردەوامبوونی داگیرکارییەکە دەبێتە هۆی ئەوەی خەونی فەلەستینییەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەت نەگاتە ئەنجام و ئاشتی و ئاسایش و هیوای دانپێدانانی وڵاتانی ناوچەکە بە ئیسرائیل نەیەتە دی.
لەراگەیەندراوەکەی گوتێرێسدا هاتووە: "تاکە رێگای هاتنە دی خەونی بە دەوڵەتبوونی فەڵەستینییەکان و نەمانی نیگەرانییەکانی ئاسایشی ئیسرائیل، کۆتاییهێنانە بە داگیرکاری ئیسرائیل کە لە ساڵی ١٩٦٧ەوە دەستی پێکردووە و ئەگەری گەیشتنە چارەسەریش دوو دەوڵەتە کە دانووستانی لەسەرکراوە. گەلی فەڵەستین تەنها بەمجۆرە دەگاتە ئەو مافانەی کە دەستبەردارییان نابێت".