Zana Natık Kerem
22 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 23 مای,س 2017
قودس ــ AA
لە دووەم وێستگەی گەشتەكەی بۆ دەرەوە سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ لە سعوودیەوە بە سەردانێك گەیشتە ئیسرائیل كە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت و لە میانیدا چاوی بە گەورە بەرپرسانی ئیسرائیل دەكەوێت.
رێوڕەسمی پێشوازیكردنێکی فەرمی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بن گۆریۆن لە تەل ئەبیب لە لایەن سەرۆكی ئیسرائیل، رۆڤی رڤیلین و سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهو و گەورە بەرپرسانی ئیسرائیل بۆ دۆناڵد ترەمپ سازکرا.
لە میانی رێورەسمی پێشوازیكردنەكەدا، دۆناڵد ترەمپ گوتەیەكی پێشكەش كرد و رایگەیاند كە لە سەردانەكەی بۆ سعوودیە و دوای دیداری لەگەڵ سەركردەكانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، ئاسۆیەكی نوێی بۆ هیواكان دۆزییەوە.
دۆناڵد ترەمپ هەروەها گوتی: "لەبارەی بەردەوامیدان بە هاوكارییەكان دژبە تیرۆر و توندڕەویی گەیشتنە رێككەوتننامەیەكی مێژوویی".
سەرۆكی ئەمریكا گوتیشی: "زۆر خۆشحاڵم كە لێرەم لە ئیسرائیل من هاتووم بۆ خاكی ئایینە كۆنەكان بۆ ئەوەی پەیوەندی بەهێزی نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل دووپات بكەمەوە".
سەرۆكی ئەمریكا جەختیكردەوە كە ئەمریكا پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و بە هیچ شێوەیەك رێگە نادات زیان بە گەلی ئیسرائیل بكەوێت.
لە بەرامبەردا سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئیسرائیل بە مێژوویی وەسفكرد و گوتی: "هیچ كاتێك ئەوە رووی نەداوە كە سەرۆكەكانی پێشووتری ئەمریكا یەكەم گەشتییان بۆ دەرەوە سەردانی ئیسرائیل بكەن كە ئەم سەردانەی ئێوە گوزارشت لە دۆستایەتی ئێوە دەكات بۆ ئیسرائیل".
بنیامین ناتانیاهو كە رووی قسەكانی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ كرد گوتی: "دوێنێ یەكشەممە لە سعوودیە گوتەیەكی گرنگتان پێشكەش كرد سەبارەت بە لەناوبردنی تیرۆر و توندڕەویی".
هاوكات سەرۆكی ئیسرائیل، رۆڤی رڤیلین رایگەیاند كە سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئیسرائیل گوزارشتكردنە لە پتەوبوونی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئەمریكا.
رۆڤی رڤیلین گوتی: "تۆ (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆكی گەورەترین هاوپەیمانی ئیسرائیل و هەروەها دۆستێكی راستەقینەی گەلی جوولەکەی".
سەرۆكی ئیسرائیل گوتیشی: "جیهان و ئیسرائیل پێویستییان بە ئەمریكایەكی بە هێز هەیە و هەروەها ئەمریكاش پێویستی بە ئیسرائیلییەكی بە هێز هەیە".
لە رۆژی شەممەی رابردووە و لە دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ یەكەمین گەشتی بۆ دەرەوە دەست پێكرد كە هەریەك لە سعوودیە و ئیسرائیل و ڤاتیكان لە خۆدەگرێت.