Zana Natık Kerem
14 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی رایگەیاند کە گرنگە کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر بەپێی دەستوور و یاسا چارەسەر بکرێن.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە نوری مالیکی پێشوازی لە شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، قوباد تاڵەبانی کردووە.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە دیدارەکەدا، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێکراوە، ھەروەھا پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و ھەرێم خراونەتە بەرباس.
باس لەوەشکراوە کە لە میانی دیدارەکەدا، سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی رایگەیاندووە کە گرنگە کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر بەپێی دەستوور و یاسا چارەسەر بکرێن و گوتی: "پاڵپشتی لە داواکارییە راوەکانی گەلی کورد دەکەم کە لەگەڵ دەستوور و یاسادا گونجاو بێت".
ئاماژەی بەوەیشداوە کە نوری مالیکی داوای لە ھێزە سیاسییەکان کردووە، ھەوڵ و گفتوگۆکانیان لە ئەنجوومەنی نوێنەران چڕ بکەنەوە لە پێناو گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر پەسەندکردنی یاسای دابەشکردنی سامانە سروشتییەکان.
شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، قوباد تاڵەبانی ماوەی چەند رۆژێکە بەمەبەستی دانوستان لەبارەی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا لە بەغدایە و تا ئێستا چەندین دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامداوە.