Zana Natık Kerem
14 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و باڵیۆزی سعوودیە لە بەغدا، عەبدولعەزیز شممەری چۆنیەتی پتەوترکردنی ھاوکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مستەفا کازمی پێشوازی لە عەبدولعەزیز شممەری کردووە.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە دیدارەکەدا، وێرای تاوتوێیکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سعوودیە، ھەروەھا سەبارەت بە چۆنیەتی پتەوترکردنی ھاوکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات گفتوگۆکراوە.
باس لەوەشکراوە کە چالاکترکردنی ئاڵوگۆڕی بازڕگانی نێوان عێراق و سعوودیە لەژێر رۆشنایی دوایین کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی ھەماھەنگیی نێوان ھەردوو وڵات خراوەتە بەرباس.
لە دوایین کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی ھەماھەنگیی عێراق-سعوودیە کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە بەغدا سازکرا، ژمارەیەک یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بوار و کەرتە جیاوازەکاندا لەنێوان ھەردوو وڵاتدا واژووکران.