Muhammet Kurşun,Hemın Othman Mohammed,Mohammed Baqi Hussein
27 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 28 ئەیلوول 2018
تاران - AA
سه‌ركۆماری ئێران، حه‌سه‌ن روحانی رایگه‌یاند حكوومه‌تی واشنتۆن كه تاك لایه‌نه له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمیی كشاوه‌ته‌وه دره‌نگ یان زوو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر مێزی دانوستان و هه‌ڵوێستی ئێرانیش په‌یوه‌سته به ئه‌مریكاوه.
حه‌سه‌ن روحانی كه به مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له 73هه‌مین كۆبوونه‌وه‌كانی کۆمەڵەی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا له شاری نیویۆركی ئه‌مریكایه، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی رێكخست.
سه‌ركۆماری ئێران ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه له میانی دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانیدا له نیویۆرك له‌گه‌ڵ 16 سه‌ركرده‌ی جیهانی كۆبووه‌ته‌وه و هه‌موویان به‌رگریان له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمیی كردووه، ئه‌مریكاش به هۆی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ناوییەتی به‌ته‌نیا ماوه‌ته‌وه و له لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی دیكه‌وه ره‌خنه‌ی لێده‌گێرێت.
سه‌ركۆماری ئێران، حه‌سه‌ن روحانی رایگه‌یاند كه ئه‌مریكا به كشانه‌وه‌ی له رێككه‌وتنه‌كه ههڵهیكردووە و گوتی: "ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی واشنتۆن وازی له خۆسه‌پاندن هێنا، له‌سه‌ر به‌ڵێنەکانی بوو، پابه‌ندبوو به یاساكانه‌وه و ریزی مافه‌كانی مرۆڤی گرت ئه‌وا ئه‌رێنیانه پێشوازی لێده‌كه‌ن".
حه‌سه‌ن روحانی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ دانوستانه‌كان په‌یوه‌سته به ئه‌مریكاوه و گوتی: "(محەمەد جه‌واد) زەریف له‌گه‌ڵ رێكس تیله‌رسن گفتوگۆی كردووه. له‌و بابه‌ته‌دا به‌ربه‌ستێكمان نییه. ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا بگه‌ڕێته‌وه بۆ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمیی هه‌لومه‌رجی نوێ پێكدێت. ئه‌وان ده‌رچوون و هه‌ڵه‌ی ئه‌وانه".
سه‌ركۆماری ئێران به‌رگری له‌وه كرد كه كشانه‌وه‌ی ئاره‌زومه‌ندانه‌ی ئه‌مریكا له رێككه‌وتنێك كه له لایه‌ن زۆر لایه‌نه‌وه واژووكراوه "نایاساییه" و گوتی: "ئه‌مریكا هه‌ڵه‌یه‌كی كرد، یان ده‌گه‌ڕێته‌وه، یان به‌رده‌وام ده‌بێت. ئه‌وه بابه‌تێكه ئه‌و خۆی ده‌زانێت، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه رۆژێك ده‌گه‌ڕێته‌وه، زوو بێت یان دره‌نگ. چونكه ئه‌وه بڕیارێكه نه له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی ئه‌مریكا نه له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی ئێران دایە. هه‌موو به‌یه‌كه‌وه ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ین بۆ گێڕانه‌وه‌ی كه‌سێك له هه‌ڵه‌یه‌ك كه كردوویه‌تی".
حه‌سه‌ن روحانی ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو کە قۆناغی دووه‌می سزاكان كه له پێنجی تشرینی دووه‌مدا ده‌ست پێ ده‌كات ره‌وشێكی نوێ ناهێنێته ئاراوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ ئه‌وه‌ی توانی بیكات كردی و گوته‌كانی ته‌نها "پڕوپاگه‌نده‌ن".
سه‌ركۆماری ئێران بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه حكوومه‌تی ئێران سیاسه‌تێك په‌یڕه‌و ده‌كات ئه‌مریكای ته‌نیا خستووه، ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد كه سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و وڵاتانی دیكه‌ی لایه‌نی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی په‌یوه‌ستن به رێككه‌وتنه‌كه‌وه و گوتی:
"ئه‌م لایه‌نانه‌ش هه‌وڵده‌ده‌ن له پێناو هێوركردنه‌وه‌ی سزادانی ئه‌مریكادا. پێم وایه به‌هه‌نگاو و هه‌وڵه‌كانی ئه‌وانیش، له‌ماوه‌یه‌كی كورتتردا له سزادانی ئه‌مریكا ده‌رده‌چین له‌و ماوه‌ی چاوه‌ڕان ده‌كرێت. جیاوازیی بیروڕا له نێوان سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپادا نییه. هه‌موویان سوورن له‌سه‌ر رێككه‌وتن".
حه‌سه‌ن روحانی رایگه‌یاند، به‌هیچ جۆرێك نیازی شه‌ڕكردنیان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا نییه و داوای ئه‌وه ده‌كه‌ن ئه‌و وڵاته به‌گوێره‌ی یاساكان مامه‌ڵه بكات و رێز له سه‌روه‌ریی وڵاتان بگرێت.
سه‌ركۆماری ئێران، حه‌سه‌ن روحانی باسی له‌وه كرد کە له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا له‌باره‌ی سزاكانه‌وه له په‌یوه‌ندیدان و هه‌وڵی پێویستیان داوه له پێناو ئه‌نجامدانی ئاسانكاری بۆ كۆمپانیاكان تا كاره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن و گوتی: "تا ئه‌وكاته‌ی له به‌رژه‌وه‌ندیماندا بێت، پابه‌ند ده‌بین به رێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه‌وه. ئه‌گه‌ر وڵاتێك هه‌بێت سزاكانی ئه‌مریكا بخاته ژێر پێیه‌وه، ئه‌وه بۆ ئێمه شانازی ده‌بێت".
حه‌سه‌ن روحانی هه‌روه‌ها له‌باره‌ی راگه‌یه‌ندراوه هاوبه‌شه‌كه‌ی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و وڵاتانی 4+1 (رووسیا، چین، به‌ریتانیا، فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا) گوتی:
"راگه‌یه‌ندراوه‌كه له‌باره‌ی ئه‌و هه‌نگاوانه‌وه بوو كه له پێناو پاراستنی رێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه‌دا ده‌نرێن. هه‌نگاوێكی باش كه له‌باره‌ی داراییمانه‌وه كاری له‌سه‌ر بكه‌ین، به‌ڵام چاوه‌ڕوانیی ئێمه زۆر له‌وه زیاتره. ئه‌وانیش ده‌ریان بڕیوه كه هه‌نگاو به‌هه‌نگاو به‌ره‌وپێشی ده‌به‌ن و هه‌نگاو بۆ سوودمه‌ندبوونی ئێران ده‌نێن له رێككه‌وتنه‌كه".
سه‌ركۆماری ئێران، حه‌سه‌ن روحانی له وه‌ڵامی پرسیارێكدا له‌باره‌ی چه‌كدارانی سه‌ربه ئێران له عێراق گوتی: "ئێمه به‌رپرسیارنین له‌وه‌ی كه ئه‌وانه‌ی هه‌ست و سۆزیان بۆ ئێران هه‌یه ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. مرۆڤی ناوچه‌كه په‌یوه‌ندییان به ئێرانه‌وه هه‌یه. ئێمه به‌شێكی ناوچه‌كه‌ین و ئه‌مریكا وڵاتێكی بیانییه. ئێمه په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌مان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه هه‌یه. با له عێراق ریفراندۆمێك ئه‌نجام بده‌ین، بزانین چه‌ند لەسەدای بەشداربوان ئه‌مریكایان ده‌وێت. ئه‌مریكا به چ مافێك ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت له عێراق ئه‌نجامی ده‌ده‌ت؟ ئه‌مریكا له ناوچه‌كه‌دا پشتگیریی لە تیرۆریستان ده‌كات".
حه‌سه‌ن روحانی له وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا له‌باره‌ی حزبوڵڵای لوبنانه‌وه گوتی: "حزبوڵڵا له سووریا و لوبنان دژی تیرۆریزم شه‌ڕده‌كات و ره‌زامه‌ندیی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌ده‌ستهێناوه. داعش به‌لای هه‌موو جیهانه‌وه رێكخراویكی تیرۆریستییه. حزبوڵڵا دژی ئه‌و (داعش) شه‌ڕده‌كات".