سلێمانی
كۆنفراسەكە لەلایەن مەكتەبی زانایانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە بەشداری بەرپرسانی وەزارەتی ئەوقاف و یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان و نزیكەی 400 زانای ئاینی لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت و یەك رۆژ دەخایەنێت.
لە بەشی یەكەمی كۆنفراسەكەدا وتاری وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگاری سلێمانی و یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان و گوتەی كۆنفراس پێشكەش كران.
لە بەشی دووەمدا دوو توێژینەوە پێشكەش دەكرێت، توێژینەوەی یەكەم لە بارەی (هاوسەنگی نێوان هۆش و سۆزداری لە وتاری زانایاندا) بۆ دكتۆر عوسمان هەڵەبجەیی، توێژینەوەی دووەم لە بارەی (رۆڵی زانایان و مزگەوت لە چەسپاندنی ئاشتی و رووبەڕووبونەوەی توندوتیژیدا) بۆ زانای ئاینی ئەبوبەكر پێنجوێنی.
لە بەشێكی دیكەی كۆنفراسەكەدا دوو توێژینەوەی دیكە پێشكەش دەكرێن، توێژینەوەیەكی زانای ئاینی محەمەد چیمەنی لە سەر (هەڵچون و حەماسەتی نا هاوسەنگ لە وتاردا)، هەروەها توێژینەوەیەكی دیكە لە لایەن دكتۆر عیرفان رەشید لەسەر (هونەری وتاربێژی و كاریگەری و رۆڵی لە سەركەوتنی وتارد) پێشكەش دەكرێت.
سەرپەرشتیاری كۆنفراسەكە ئەیوب عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەمانەوێت لە رێگەی ئەم كۆنفراسەوە بە هەموان بڵێین كە ئاینی ئیسلام ئاینی ئاشتی و پێكەوە ژیان و وەسەتیەت و رێز و بەهایە بۆ مرۆڤ و بە سەنتەركردنی مرۆڤە لە گوتاری ئاینیدا ".
هەروەها گوتی: "پێویستە ئێمە خەمەكانی مرۆڤایەتی هەڵبگرین و زانایان و مزگەوت ببێتە هەوێنی كۆمەڵگا و چەسپاندنی ئاشتی و رووبەڕوو بونەوەی هەموو تیرۆر و توندوتیژییەك".
مامۆستایەكی ئاینی بەشدار بووی كۆنفراسەكە محەمەد حەمە ئەمین لە بارەی كۆنفراسەكەوە بۆ ئانادۆڵو گوتی: "زانایانی كورد بە گشتی و زانایانی پەیامدار بە تایبەتی رۆڵێكی گەورە و زۆر ئیجابییان هەبووە لە رووبەڕووبونەوەی ئەو توندڕەوی و توندوتیژییەی كە سەری هەڵداوە لە وڵاتەكەمان، هەروەها توانیویانە كەشێكی ئارام و هێمن كەرەوە لە دژایەتی ئەو بیروبۆچونەی داعش هەڵگریەتی ببینین".
كۆتایی كۆنفراسەكە تایبەت دەبێت بە سەرنج و پێشنیازی بەشداربوان و خوێندنەوەی راگەیەنراوی كۆتایی كۆنفراس.