هەولێر - AA هێمن حوسێن
ھەفتەی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ-ی ئەمریکی رایگەیاند کە تا ئێستا ھیچ وادەیەک بۆ کۆتاییھێنان بە بوونی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دیاریی نەکراوە، چونکە ھێشتا عێراق بۆ لەناوبردنی یەکجاری رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، پێویستی بە مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا ھەیە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لەسەرەتای کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ بڕیارێک سەبارەت بە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە پەرلەمانی عێراق دەرچوو، لایەنە شیعەکانیش پشتگیرییان لە بڕیارەکە کرد، ھەر بۆیەش ئەم لێدوانەی سوودانی کاردانەوەی ناوخۆیی لایەنە شیعەکانی لێکەوتەوە، مامۆستایەکی زانستە سیاسییەکان پێیوایە سوودانی خوێندنەوەیەکی دروستی بۆ ناوچەکە کردووە و ھەستی بە مەترسی ئەو بارە لاوازە ئابوورییەی عێراق کردووە.
مامۆستا لە کۆلێژی یاسا و زانستە سیاسییەکان زانکۆی سەلاحەدین، دکتۆر ھیوا مەجید لە بارەی خوێندنەوەی بۆ لێدوانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵودا گوتی: "ئەوەی کە لە عێراقدا دەگوزەرێت، جیاوازە لەو دانوستان و دروشمانەی کە لایەنە سیاسییەکان دەریدەکەن، بێگومان لە دوای کوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودس، قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریکاوە، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و بڕیارێکی دەرکرد بۆ نەمانی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و بڕیارەکەش چووە واری جێبەجێکردنەوە و ئەمریکا بەشێک لە ھێزەکانی لە عێراق کشاندەوە، ئەوەی کە ماوەتەوە بریتییە لە ھێزی راوێژکاریی و لۆجستیی".
گوتیشی: "عێراق پێویستی بە مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا ھەیە بۆ ئەوەی راوێژ بە ھێزە سەربازییەکانی عێراق بکات، ھەروەها پەیوەندی بە بواری ئابوورییەوە ھەیە، چونکە کاتێک داوا دەکرێت ھێزەکانی ئەمریکا بکشێنەوە، ئەوا ئەمریکا وڵاتێک نییە کە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق بۆ ئێران جێبھێڵێت، چونکە ئەوان دەزانن کە ھەیمەنەتی ئێران لە عێراقدا زاڵ دەبێت کە ئەمەیان خواستی کورد نییە و خواستی پێکھاتەی سوننەیش نییە، چونکە رێک دوای بڕیارەکەی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، خۆپیشاندان لە ناوچە سوننەکان ئەنجامدرا کە تیایدا دروشمیان بەرزکردەوە و داوای مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکایان لە عێراق کرد، بۆیە ئەوەی کە ئێستا سوودانی باسی کردووە، خوێندنەوەیەکە بۆ واقعی ناوچەکە و ھەستکردنە بە مەترسی و باری لاوازی ئابووریی عێراق".
دکتۆر ھیوا مەجید ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوانەی داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن، ئەوانەن کە کۆنترۆڵی میلیشیاکانی حەشدی شەعبییان کردووە و گوتی: "بێگومان ئەوانەی کە داوای دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا دەکەن، بە پلەی یەکەم پارتەکانی قەیس خەزعەلی و نوری مالکی-ن، ئەمانە کۆنترۆڵی میلیشیاکانی حەشدی شەعبییان کردووە، ھاوکات کۆنترۆڵی ناوچە سوننەنشینەکانیان کردووە، کەواتا ھاوکێشەیەکی ئاڵۆز ھەیە، رەنگە لە کابینەی سوودانی-دا، ئینشیقاقێک لەناو ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت رووبدات، بەڵام دواجار ھەموو ھێزە سیاسییەکان سەیری بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن".
مامۆستا لە کۆلێژی یاسا و زانستە سیاسییەکان زانکۆی سەلاحەدین، دکتۆر ھیوا مەجید پێیوایە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بەرژەوەندی ئێرانیشدا هەیە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە لەرابردووشدا هێزەکانی ئەمریکا شەڕی زەمینییان نەکردووە بەڵکو لە رێگای لۆجستیی و ئاسمانییەوە شەڕی دژبە داعشیان کردووە و گوتی: "ئەگەر بێینە سەر واقع، مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تا راددەیەک لە بەرژەوەندی ئێرانیشە، چونکە لەبری ئەوەی کە حەشدی شەعبی بە ھەموو ھێزی خۆی بچێتە ئەو شەڕەوە یاخود ئێران پارەیەکی زۆرتر لەم شەڕە خەرج بکات، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئەمریکا سەرقاڵ دەبێت بە شەڕکردن دژبە داعش، لەبیریشمان نەچێت تێکەڵییەک ھەیە لەم لێکدانەوەیە، چونکە ئەمریکا لە رووی زەمینییەوە شەڕی دژبە داعشی نەکردووە، بەڵکو لە رێگای لۆجستیی و ئاسمانییەوە شەڕی دژبە داعشی کردووە، بەڵام ئەوەی ئێستا ھەیە زۆرتر لە چوارچێوەی دروشمێکدایە، زۆرتر گوشارھێنانە لەسەر ئەمریکا بۆ ئەوەی ئەمریکا لە دانوستانەکانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و کۆمەڵێک بابەتی دیکە کەمێک نەرمی بنوێنێت".
بە بڕوای مامۆستایەکی دیکەی زانستە سیاسییەکان، ئەم لێدوانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشبینی کراو نەبوو بەهۆی ئەوەی سوودانی لەژێر کاریگەری گرووپەکانی نزیک لە ئێرانە و ئاماژە بەوەش دەکات کە لێدوانەکە ناکۆکی خستووەتە نێو ماڵی شیعە، لەمبارەیەوە مامۆستا لە کۆلێژی یاسا و زانستە سیاسییەکان زانکۆی سەلاحەدین، دکتۆر نەوزاد هێتیتی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم لێدوانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی پێشبینیکراو نەبوو، چونکە سوودانی لەژێر کاریگەری ئەو گرووپانەیە کە زۆر نزیکن لە ئێران، لەبیریشمان نەچێت لە پێنجی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ بڕیارێک ھەبوو لە پەرلەمانی عێراق بە تایبەتی لایەنە شیعەکان پاڵپشتیان دەکرد، ئەویش ئەوەبوو کە دەبێت ھەموو ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بچنە دەرەوە، کەواتا ئەم لێدوانەی سوودانی ناکۆکی زۆر لەناو شیعەکان بەتایبەت ئەو ھێزانە دروست دەکات کە لە چوارچێوەی ھەماھەنگییدان و پاڵپشتی سەرەکی حکوومەتی سوودانی-ین، هاوکات سوودانی-یش بەبێ ئەوان ناتوانێت حکوومەت بەڕێوەببات".
شەوی دووشەممەی رابردوو، رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، برێت مەکگۆرک بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و هەمان شەو سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی، عەممار حەکیم وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە پێشوازی لە فەرماندەی فەیلەقی قودس، ئیسماعیل قائانی دەکات، بەبۆچوونی دکتۆر نەوزاد هێتیتی، سەردانی دوو بەرپرسی ئەمریکا و ئێران بۆ بەغدا لە یەک کاتدا پەیوەندی بە لێدوانەکەی سوودانی-یەوە هەیە و گوتی: "دووشەممەی رابردوو، فەرماندەی فەیلەقی قودس، ئیسماعیل قائانی سەردانی بەغدای کرد و پێموایە یەکێک لە تەوەرە ھەرە گرنگەکان گفتوگۆکردن بووە لەسەر لێدوانەکەی محەمەد شیاع سوودانی، بەتایبەتیش بڕیار وایە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، شاندێکی عێراق سەردانی واشنتۆن بکات و باسی ئەو رێککەوتنە ستراتیجییە بکرێت کە لەنێوان عێراق و ئەمریکادا هەیە. پێشبینیش دەکەم ئەو لێدوانەی سوودانی زیاتر لەژێر کاریگەری ئەوەیە کە دەبینین ئێستا عێراق لە بارودۆخێکی نا سەقامگیردایە، ئەگەر دژایەتی سیاسەتی ئەمریکاش بکرێت، ئەوا رەنگە حکوومەتەکەی سوودانی ھاوشێوەی حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی بڕووخێت، بەتایبەت ئێستا شەڕێکی گەورەی ئابووری لە عێراق ھەیە و بەھای دۆلار بەرامبەر دینار بەرزبووەتەوە و ئەمەش مەترسییەکی جیددییە لەسەر حکوومەتەکەی سوودانی، پێموایە ئەو لێدوانەش بۆ ئەوەیە کە تۆزێک گوشارەکانی سەر حکوومەتەکەی کەم بێتەوە".
بەگوتەی مامۆستا لە کۆلێژی یاسا و زانستە سیاسییەکان زانکۆی سەلاحەدین، دکتۆر نەوزاد هێتیتی لێدوانەکەی محەمەد شیاع سوودانی ناکۆکی خستووەتە نێو ماڵی شیعە و پێشی وایە رەنگە ئەم پێداگرییەی سوودانی ببێتە هۆی وەرگرتنەوەی متمانە لێی و گوتی: "ئەم لێدوانەی سوودانی ناکۆکی زۆری خستووەتە نێو ماڵی شیعە، من دوێنێ بەدواداچوونی ھەندێک لێدوانی شیعەکانم کرد، بەتایبەتی ئەوانەی چوارچێوەی ھەماھەنگی، لێدوانی جیاوازیان ھەبوو، ئەوان دەیانگوت ئەمە سەد لەسەد دژبە بنەما و پڕەنسیپەکانی ئێمەیە و ئەم لێدوانە گوزارشت لە چوارچێوەی ھەماھەنگی ناکات. لە کاتێکدا چوارچێوەی ھەماھەنگی خۆی سەرۆکوەزیرانی دیاریی کردووە، لەبەر ئەمەش مەترسی ھەیە کە ئەگەر سوودانی پێداگری لەسەر ئەم سیاسەتە بکات ئەگەری زۆرە لە پەرلەمانی عێراقی متمانەی لێ وەربگیرێتەوە و ئەمەش یەکێکە لە ئەگەرەکان".
گوتیشی: "لەوکاتەوەی سوودانی دەستبەکاربووە، زیاتر لە شەش جار باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەگەڵی کۆبووەتەوە و زۆربەی جارەکانیش نیگەرانی لە سوودانی ھەبووە کە نەکەوێتە ژێر کاریگەری ئێران، نیگەرانی ھەبووە کە شیعەکان باڵادەستن لە دامودەزگاکانی حکوومەت، نیگەرانی ھەبووە لەوەی کە ئەو سیاسەتەی سەردەمی کازمی پراکتیزە دەکرا کە پێیان دەگوت "ھاوسەنگکردنی پەیوەندییەکانی عێراق" لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی، مەترسی ھەبوو کە پاشەکشەی لێ بکرێت، مەترسی ئەوەش ھەبوو کە لەژێر کاریگەرییەکانی ئێراندا، لەمەودوا عێراق بەرەو رووسیا و چین بچێت، بۆیە پێموایە یەکێک لە پرسەکانی سەردانی (برێت) مەکگۆرک بۆ عێراق ئەو بابەتانەیە".
دوای جێگربوونی بەھای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بۆ ماوەی دوو ساڵ، بۆ یەکەمجار لە ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، بەھای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی لە نزیکەی ١٤٥ هەزار دینارەوە بەرزبووەوە و لە ئێستادا ١٦٠ ھەزار دیناری تێپەڕاندووە، لەو کاتەوە بەھای دینار بە ناجێگیری ماوەتەوە و مامۆستا لە کۆلێژی یاسا و زانستە سیاسییەکان زانکۆی سەلاحەدین، دکتۆر نەوزاد هێتیتی ئەم دۆخەی ئابووریی عێراق بەتایبەت بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەربە دینار دەبەستێتەوە بە فشارەکانی ئەمریکا بۆسەر حکوومەتەکەی سوودانی و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەگەر سەرۆکوەزیرانی عێراق پێداگری لەسەر ئەم سیاسەتە بکات تووشی گوشار دەبێت، هەروەها رووبەڕووی وەرگرتنەوەی متمانە دەبێتەوە، ئەگەر سەیر بکەین کە بۆچی ئێستا بەھای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزبوووەتەوە، بابەتی سپیکردنەوەی دۆلار و بردنە دەرەوەی دۆلار شتێکی نوێ نییە، لەسەردەمی مستەفا کازمیشدا ئەوە ھەبوو، بەڵام بۆچی ئەمریکا لەسەردەمی کازمیدا ئەم گوشارەی دروست نەکرد، چونکە کازمی سیاسەتێکی پڕاکتیزە دەکرد کە نزیک بوو لە ئەمریکا، بەڵام ئێستا چونکە مەترسییان لە سوودانی ھەیە و ھەست دەکەن لە ئێران نزیکە و گرووپەکانی نزیک لە ئێران حکوومەتییان پێکھێناوە، لەبەر ئەوە ئەمریکا دەستی کردووە بە گوشار دروستکردن بۆ ئەوەی ئەم حکوومەتە لە ئێران دووربکەوێتەوە و یەکێک لەو کارتانەی کە دژبە سوودانی بەکاری دەھێنن، پرسی دۆلارە".
news_share_descriptionsubscription_contact

