Eşber Ayaydın
04 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2019
ئورفا - AA
سەرۆکی حکوومەتی کاتی سووریا، عەبدولڕەحمان مستەفا رایگەیاند: "لە دوای چالاکییە پێداگرییەکانی فەرماندەی یەکەکان و رێکخستنەکانی سوپای نەتەوەیی و بەرەی رزگاری نیشتمانیی، ئەمڕۆ سوپای نەتەوەیی و بەرەی رزگاری نیشتمانیی لە ژێر چەتری سوپای سەربازیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی کاتی سووریا یەکیان گرتووەتەوە".
ھێزی ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوڕات و ناوچەی ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون و ناوچەی ئیدلب لە ژێر ناوی سوپای نەتەوەیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی کانی سووریا یەکیان گرتەوە.
سەرۆکی حکوومەتی کاتی سووریا، عەبدولڕەحمان مستەفا لە ھۆتێلێکی شاری ئورفای تورکیا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست و ئەو بڕیارەی کە دەرکراوە بە میدیاکان راگەیاند.
عەبدولرەحمان مستەفا راشیگەیاند کە ئەوان دەیانەوێت سووریا ئازاد بکەن و گوتیشی: "لە دوای چالاکییە پێداگرییەکانی فەرماندەی یەکەکان و رێکخستنەکانی سوپای نەتەوەیی و بەرەی رزگاری نیشتمانیی، ئەمڕۆ سوپای نەتەوەیی و بەرەی رزگاری نیشتمانیی لە ژێر چەتری سوپای سەربازیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی کاتی سووریا یەکیان گرتووەتەوە. ئەو سوپایەی کە پێکمان ھێناوە درێژە بە ھەوڵەکانی خۆی بۆ ئازادکردنی خاکەکەمان لە گشت دیکتاتۆریەتێک و ستەم و مەزھەبگەرایی دەدات. یەکێک لە گرنگترین بنەماکانمان بریتییە لە رزگارکردنی تەواوی خاکی وڵات و پشتیوانیکردن لە یەکپارچەیی و ئارامی خاکەکەمان".
عەبدولڕەحمان مستەفا باسی لە رۆژھەڵاتی فوڕات کرد و رایگەیاند کە خەڵکی ئەو ناوچەیە رووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەتەوە.
لە لای خۆیەوە وەزیری بەرگریی و سەرۆک ئەرکانی سوپای حکوومەتی کاتی سووریا، سەلیم ئیدریس رایگەیاند کە ئەوان بەرەنگاری گشت ئەو ھێزانە دەبنەوە کە ھەڕەشە لە ئاسایشی سووریا دەکەن. گوتیشی: "بەرەنگاری گشت رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەبینەوە بە تایبەتی رێکخراوی تیرۆریستی پەیەدە/پەکەکە. ئامانجی سەرەکی ئەو سوپایەمان، بەرەنگاربوونەوەیە لە دژی گشت ھەڕەشەکان".