Azat Muhammet
28 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 29 کانوونی دووەم 2017
سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، ئیبراهیم برۆ رایگەیاند "پێکهێنانى ناوچەیەکى ئارام لە سووریا لە بەرژەوەندى هەموو گەلانى سووریایە بەبێ جیاوازى، چونکە دەبێتە هۆى راگرتنى شەڕ لە نێوان هێز و گرووپە چەکدارەکان، دواى نەمانى شەڕ و پێکدادان لە سووریا، ئەو هاووڵاتییانەی بەهۆی شەڕەوە ئاوارەبوونە، دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان".
سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا، ئیبراهیم برۆ لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "لەسەر بانگهێشتى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لە مانگى داهاتوو شاندێکى باڵاى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بۆ تاوتوێکردنى پرسى چارەنووسسازى ناوچە کوردییەکان و تەواوى سووریا سەردانى واشنتۆن دەکەین، بەرنامە و ئامانجەکانى خۆمان بۆ کاربەدەستانى ئەمریکا دەخەینەڕوو و داواى پاڵپشتیان لێ دەکەین".
برۆ لەبارەى ئامانجە سەرەکییەکانى سەردانى شاندى ئەنەکەسە بۆ ئەمریکا دەڵێت: "لە رابردوودا گفتوگۆى تێر و تەسەڵمان کردووە لەبارەى گەڕانەوەى لەشکرى رۆژ بۆ سووریا، ئەمجارەیش یەکێک لە سەرەکیترین ئامانجى سەردانەکەمان بۆ ئەمریکا لەگەڵ وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا و کاربەدەستانى ئەمریکا تاوتوێى گەڕانەوەى لەشکرى رۆژى سەربە هێزەکانى زێرەڤانى دەکەین، داوا لە ئیدارەى نوێى ئەمریکا دەکەین فشار بخەنە سەر چەکدارانى پەکەکە/پەیەدە کە چیدیکە بەربەست لە بەردەم گەڕانەوەى پێشمەرگەکانى لەشکرى رۆژ دروست نەکەن تاوەکو لەشکرى رۆژ بگەرێنەوە سووریا و بەرگرى لە لە ناوچە کوردییەکانى سووریا بکەن، ئیدارەى نوێى ئەمریکا ئاگادار دەکەینەوە لەوەى کە لەشکرى رۆژ هێزێکن لە کوردانى سووریا پێکهاتوون لە هەرێمى کوردستان تەواوى مەشق و راهێنانە سەربازییەکانیان ئەنجامداوە، ئەم هێزە رۆژ لە دواى رۆژ لە بەرفراوان بوونە و لەڕووى چەک و تەقەمەنییەوە لە بەهێز بووندان، سووریاش پێویستى بە هێزێکى لەم چەشنە هەیە".
لە بەردەوامى باس کردنى ئامانجى سەردانەکەیان بۆ ئەمریکا ئاماژەى بەوەدا کە "پێشێلکارییەکانى رژێمى سووریا و چەکدارانى پەکەکە/پەیەدە و تەواوى هێز و گرووپە جیا جیاکان بۆ ئیدارەى نوێى ئەمریکا دەخەینەڕوو. ئاگادارییان دەکەینەوە کە ئەو گرووپە چەکدارانە لە سووریا تەقە لە هاووڵاتییانى سڤیل دەکەن و دەیانکوژن و دەیانڕفێنن و، لە بازگەکانیش باج و سەرانە لە خەڵک وەردەگرن. هەموو دۆکیۆمێنتەکان لەسەر ئەو گرووپە سەرپێچى کارانە دەخەینە بەردەم ئیدارەى سەرۆکى نوێى ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەوەى بزانن کە ئەو چەکدارانە هۆکارى ئاوارە بوونى هاووڵاتییانى سڤیلى سووریان".
دەشڵێت: "ئێمە وەک ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا بۆچوون و بەرنامەى تایبەتى خۆمان بۆ چارەسەرکردنى دۆخى سووریا دەخەینە بەردەستى کاربەدەستانى ئەمریکا، گفتوگۆ لەگەڵ ئەو بەرپرسانەى ئەمریکا دەکەین کە کاروبارى سووریایان لە ئەستۆ گرتووە لە ئێستادا ئامادەکارى تەواو دەکەین بۆ ئەوەى دۆخى سووریا خاڵ بە خاڵ بۆ پسپۆڕان و بەرپرسە باڵاکانى ئەمریکا بخەینەڕوو، بۆ ئێمە گرنگە دۆخى سووریا بەگشتى و ناوچە کوردییەکانى سووریا بە تایبەتى ئارام بێتەوە".
لەبارەى دروستکردنى ناوچەیەکى ئارام لەلایەن ئیدارەى نوێى ئەمریکا، سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا،گوتى: "باشتر وابوو پێش چەند ساڵێک ناوچەى ئارام لە سووریا دروست بکرابایە، بەڵام بە هۆکارى جیا جیا نەکرا. لە بەرژەوەندى هەموو پێکهاتەکانی سووریایە بە گشتى و ناوچە کوردییەکان بە تایبەتى ناوچەی ئارام لە سووریا دروست بکرێت، چونکە دروست کردنى ناوچەى ئارام دەبێتە هۆى وەستاندنى شەڕ و هیواش هیواش ژیان ئاسایی دەبێتەوە، تا ئەو ساتەى قسەى تێدا دەکەم زیاتر لە ٥٠ لە سەدى دانیشتووانى سووریا پەنابەرى وڵاتان بوونە، دروست کردنى ناوچەى ئارام وا دەکات دانیشتووانى ئاوارەبوو بگەڕێننەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان، ئەمەیش دەبێتە دەستپێکى کۆتایی هێنان بە ئاڵۆزییەکانى سووریا بە گشتى و هۆکارێکیش دەبێت بۆ ئەوەى ناوچە وێرانبووەکانى جەنگى چەند ساڵەى سووریا دووبارە ئاوەدان بکرێنەوە".
گوتیشى: "ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا باشە و بەردەوام لە دانوستانداین، بەڵام بەداخەوە ئیدارەى ئۆباما رێگە خۆشکەر نەبوو لەبەردەم گەڕانەوەى لەشکرى رۆژى سەربە هێزەکانى زێرەڤانى. ئەمریکا لە پێناو بەرژەوەندى خۆى و، لە پێناو رازى کردنى پەیەدە کارئاسانى نەدەکرد بۆ ئەوەى لەشکرى رۆژ بگەڕێتەوە سووریا، بەڵام ئیدارەى نوێى ئەمریکا بە سەرۆکایەتى دۆناڵد ترەمپ لە دانوستاندن داین لەو باوەڕەداین هەنگاوى نوێ دەنێت لەم بابەتانەوە و رۆڵێکى بەرچاویشى دەبێت".
سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا، ئیبراهیم برۆ باس لە دەرەنجامەکانى کۆبوونەوەکانى ئاستاناى دەکات کە بەسەرپەرشتی تورکیا، رووسیا و ئێران و بەبەشداری چەند وڵاتێکى دیکە رێکخرا بوو بە هەنگاوێکى گرنگ وەسفى کرد و گوتى: "یەکێک لە ئەنجامەکانى کۆبوونەوەکانى ئاستانا راگەیاندنى ئاگربەست سەرتاسەرى بوو لە سووریا، گرنگیشە بڕیاری کۆبوونەوەکانى ئاستانا لەبارەى سووریا کاری پێبکرێت و ئاگربەست درێژەى پێبدرێت".