Hemin Hüseyin
25 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2017
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی کرد و لەگەڵ ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی، سەڵاحەددین بەھائەددین، کۆبووەوە
لە کۆبوونەوەکەدا رەوشی ھەرێم و ناوچەکە و ئەگەرەکانی دوای شەڕی تیرۆریستانی داعش تاوتوو کرا، ھەروەھا پرسی سەربەخۆییی کوردستان وەک ویستی ھاوبەشی گشت لایەنەکان و فاکتەری یەکڕیزیی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم و نەخشە رێگای ئەم پرسە لە لایەن مەسروور بارزانییەوە خرایەڕوو.
لە هەواڵەکەدا هاتووە: "لە دیدارەکەدا جەخت لە سەر گرینگیی ھاوھەڵویستی و تەبایی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان کرایەوە، تاکو ھەرێم بە یەکڕیزی و ھێزی زیاترەوە رووبەرووی ھەر ئەگەر و پێشھاتێک ببێتەوە، لەم چوارچێوەیەشدا ئاماژە بە دوابانگھێشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کراوە بۆ چارەسەری پرسە سیاسییە ناوخۆییەکان و جەخت لەسەر گرتنەبەری گیانی لەخۆبوردەیی و ھەستکردن بە بەرپرسیاریەتی مێژوویی کرایەوە لە پێناو لابردنی کۆسپ و تەگەرەکان و گەیشتن بە چارەسەرێک، کە بەرژەوەندییەکانی ھاووڵاتییانی کوردستان تیایدا لە سەرووی ھەموو پرسێک بێت".
ھەر لەم دیدارەدا ھەردوولا کۆک بوون لە سەر ئەوەی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم بە یەکھەڵوێستی و بە شاندی ھاوبەش بەشداریی لە گفتوگۆکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بکەن، تاکو بە دیالۆگ و شێوازێکی ئاشتیانە چارەنووسی پەیوەندیی داھاتووی نێوان ھەرێم و بەغدا یەکلا بکرێتەوە.