هەولێر / ھێمن بابان
نوجێفی دەڵێت تاكە ناوچەی عێراق کە کۆماری ئیسلامی ئێران دەسەڵاتی بەسەردا نەشكێتەوە نەینەوایە، دەیەوێ ئەوەش بكات.
نوجێفی: "لابردنم بە بڕیاری ئێران بوو، حكوومەتی سێبەر هەیە و لە حكوومەتی عەبادی بەهێزترە"
پارێزگاری نەینەوا ئەسیل نوجێفی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو چەندین زانیاریی نوێ ئاشكرا دەكات و لەبارەی لەسەر كار لابردنی لەلایەن پەرلەمانەوە دەڵێت "هێشتا بڕیاری لابردنم لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بە رەسمی پێنەگەیشتووە، بەپێی یاساكانی عێراق وەكو پارێزگا دەمێننەوە تا بڕیاری پارێزگاری كار بەڕێكەر دەردەچێت و دواتر پارێزگاری نوێ ئەركەكانی وەردەگرێت و ئیتر قۆناغی گواستنەوەكی دەست پێدەكات، ئێستا لە دادگەی ئیداریی سكاڵامان لەسەر بڕیارەكەی پەرلەمان تۆماركردووە و تانەمان لێ داوە، چاوەڕوانی ئەنجامی تانەكەمانین، ئەگەر نێگەتیڤ بێت چاوەڕوان دەبین ئەنجوومەنی پارێزگا پارێزگاری نوێ هەڵبژێرێت".
نوجێفی ئاشكراشیكرد "تیمێكی پارێزەرانی نەینەوا خۆبەخشانە پارێزگاریم لێ دەكەن و خۆبەخشانە تانەیان لە بڕیارەكەی پەرلەمان داوە، چونكە لەو بڕیارە شەش پێشێلكاریی روونی یاسایی هەن كە دیارترینیان ئەوەیە بڕیارەكە لە دانیشتنی رەسمی ئەنجوومەنی نوێنەران نەبووە، بەڵكو سەرۆكی ئەنجوومەن دانیشتنەكەی دواخست و پاشان لە دەرەوەی دانیشتنەكە مەسەلەكە خراوەتە دەنگدانەوە، هەروەها بەپێی یاسا لێپرسینەوەی پێشوەخت لەگەڵ من نەكراوە، جگە لەوەش هیچ هۆكارێكی یاسایی بۆ لەسەر كارلابردنم بەپێی یاسا تێدانییە، سەرباری ئەوەی بڕیارەكە لەسەر داوایەكی ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیران بووە، لەكاتێكدا دەبێت سەرۆكوەزیران داوا بكات، لەگەڵ ئەوانەشدا ئەنجوومەنی نوێنەران داوای 24 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای رەچاو نەكردووە بۆ رەتكردنەوەی لەسەركارلابردنم".
ئەسیل نوجێفی كە هێشتا لە ئۆفیسەكەی خۆی لە گوندی ئینگلیزی لەشاری هەولێر كاروبارەكانی پارێزگا بەڕێ دەخات و وەكو پارێزگار ماوەتەوە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەیگوت بڕیاری لەسەركارلابردنەكەی "سیاسی" بووە، جگە لەوەش ئێرانی پێ تۆمەتبار كرد.
نوجێفی گوتی" ئێمە ئێستا لە قوڵایی ناكۆكیی دوو پڕۆژەین، پڕۆژەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ دژایەتیكردنی داعش و پڕۆژەی ئێران بۆ دژایەتیكردنی داعش، ئارەزوویەك هەیە بۆ كپ كردنی هەر دەنگێك كە دژی پڕۆژەی ئێران بوەستێتەوە بەتایبەت لە پارێزگای نەینەوا، ئێمە پێمان وایە هەڵەیەكی زۆر گەورەیە حەشدی شەعبی بچنە نێو پارێزگای نەینەوا و كێشەی زۆر گەورەی لێ دروست دەبێت و رەنگە من لەو دەنگە كەمانە بم كە ماون و رێگرن لە چوونە نێو مووسڵی حەشدی شەعبی بم، ئەوەش هۆكاری دوورخستنەوەم بوو".
وەك ئەوەی بەڵگەی تەواوشی لەبەردەستدا بێت دەیگوت؛ "بڕیاری لابردنم بە دڵنیاییەوە بە بڕیاری ئێران بوو".
روونیشی كردەوە؛ "دەسەڵاتی ئێران و ئەو گرووپەكەی نوێنەرایەتی دەسەڵاتی ئێران دەكات لە عێراق لەپشت ئەو بڕیارەی پەرلەمانەوە بوو، چونكە مووسڵ تاكە شوێن و ناوچەی عێراقە كە ئەو دەسەڵاتە نەچووتە نێوی، ئەگەر لەسەر دەستی حەشدی شەعبی مووسڵ رزگار بكرێت، ئەوا گەیشتووەتە هەموو عێراق، بۆیە دەیانویست هەژموونی خۆیان لەسەر ناوچەكە بسەپێنن، جگە لەوەی مووسڵ یەكێكە لە هێڵەكانی گەیاندنی نێوان ئێران و سووریا دەیانەوێ بە زووترین كات دەستیان بكەوێت".
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمریكییەكان لەسەر لابردنی لە پۆستەكەی وەكو پارێزگار گوتی: "ئەمریكییەكان نایەوێ دەستوەردان بكەن، بەڵام قەناعەتییان هەیە لەسەركار لابردنم لەسەر ئەو سەردانە هات كە بۆ ئەمریكا كردم و داواكردنی پاڵپشتیی راستەوخۆ بۆ پارێزگای نەینەوا و پڕچەك كردنی خەڵكی نەینەوا لە دژی داعش".
پارێزگاری مووسڵ ئەوەش رەت دەكاتەوە حەیدەر عەبادی رۆڵی هەبووبێت لە لادانەكەی لە پۆستەكەی و نوری مالیكی و سەركردەی میلیشیا شیعەكانی بەوە تۆمەتبار كرد و گوتی: "حەیدەر عەبادی زۆر دەسەڵات و كاری راستەقینەی بەدەستەوە نییە لە عێراق، هێشتا نوری مالیكی رۆڵی هەیە و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی گەورەتردایە، ئێستا لە عێراق حكوومەتێكی قوڵ هەیە كە حكوومەتی سێبەرە و مالیكی لایەنێكی پێكدەهێنێت، سەركردەی میلیشیاكان ئەو حكوومەتە بەڕێوەدەبەن و دەسەڵاتییان زۆرترە لە حكوومەتی ناوەند".
نوجێفی: "كۆتایی ئەم مانگە یان رەمەزان هێرشكردنە سەر مووسڵ دەست پێناكات"
پارێزگاری نەینەوا كە لە دوای كۆنتڕۆڵكردنی مووسڵ لە شەوی 9ی حوزەیرانی 2014ەوە لە هەرێمی كوردستان دەژی، ئەو زانیارییانە رەت دەكاتەوە كە باس لە دەستپێكردنی شەڕی یەكلایی كەرەوەی مووسڵ و هێرشكردنە سەری دەكەن، دەشڵێت ئەو كارە كۆتایی ئەم مانگە روونادات.
نوجێفی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تا ئێستا هیچ كارێكی جیددی بۆ رزگاركردنی نەینەوا نییە، ئەوەشی دەیبیستین تەنها هەوڵ و بیرۆكەیە، ئێستا حكوومەت و سوپای عێراق بە ئەنبارەوە زۆر سەرقاڵن، بۆیە هێرشكردنە سەر مووسڵ لە كۆتایی مانگی رەمەزان یان حوزەیران دەست پێناكات، بەڵكو رەنگە كۆتایی رەمەزان ئامادەكاریی جیدیی بۆ رزگاركردن دەست پێبكات نەك خودی رزگاركردنەكە، چونكە گرنگە قۆناغی پاش رزگاركردن زۆر روون بێت، ئەوەش دەبێت بە پشت بەستن بێت بە خەڵكی نەینەوا".
ئەسیل نوجێفی كە نەیدەویست كاتی دەستپێكردنی هێرشی سەر مووسڵ بدركێنێ، لەكۆتاییدا بۆ ئانادۆڵو گوتی: "پێموایە رزگاركردنی مووسڵ لە وەرزی هاوین نابێت".
باسی لە بوونی هەماهەنگیی بەردەوامی خۆیان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەری دژ بە داعش كرد و گوتی: "هەماهەنگی تەواومان هەیە".
دەرباری گەیشتنی چەكی نوێ بۆ سەربازگەكانی حەشدی نیشتمانی و پۆلیسی نەینەوا كە لە نزیك مووسڵ و لەو شوێنانەی هێزەكانی پێشمەرگە كۆنتڕۆڵیان كردوون سەربازگەیان هەیە، پارێزگاری نەینەوا گوتی: "هیچ چەكێكی نوێمان لەلایەن هیچ وڵاتێك نە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و نە لەدەرەوەشی پێنەگەیشتووە، حكوومەتی عێراقیش چەكی پێنەداوین، بەڵام لە بەخشینی هەندێك لایەن و كەسایەتی بەردەوامین لە كڕینی چەك بۆ خۆمان".
هۆكاری ئەو "پەراوێزخستن"ەی هێزەكانیان كە پتر لە 20 هەزار كەس دەبێت لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە نوجێفی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو روونی كردەوە "بەشێك لە دەسەڵاتدارەكانی بەغدا وا بیر دەكەنەوە كە نابێت هیچ هێزێك بۆ رزگاركردنی مووسڵ هەبێت، بەڵكو دەبێت بەدەست میلیشیاكان مووسڵ رزگار بكرێت و ئێمەش بێ هێز بین، ئەمەش ناكرێت".
ئەو ئاشكراشیكرد "یەكەمجار بە روونی گوتیان سەربازگەكانمان بگوێزینەوە بۆ بنكەی سەربازی سپایكەر پارێزگای سەڵاحەدین لەو ناوچەیەی میلیشیا شیعییەكان زاڵن و مەشق و چەكداركردنی هێزەكانمان لەوێ و لەژێر سەرپەرشتی ئەواندا بێت، بەڵام چەكدارەكانمان بەوە رازی نیین و ئێمەش رەتمانكردەوە".
لە درێژەی قسەكانیدا نوجێفی باسی لە ئەفسەرانی توركیا ئەوانەی مەشق بە هێزەكانییان دەكەن كرد و گوتی: "هێشتا ئەفسەرانی توركیا مەشق بە هێزەكانمان دەكەن و ئێمە سوپاسی حكوومەتی توركیا دەكەین كە رۆڵی هەبووە لە ئامادەكردنی ئەو سەربازگانە و زۆر سوودیان بە هێزەكانمان گەیاندووە و ژمارەی ئەفسەرەكانیش باشن كەم نیین، بەڵكو لەگەڵ ژمارەی هێزەكانمان دەگونجێن".
ئەوەشی رەتكردەوە كە توركیا پێشتر بەڵێنی پڕچەككردنی هێزەكانییانی دابێت و گوتی: "توركیا بەڵێنی داوە مەشق بە هێزەكانمان بكات و پاڵپشتیی لۆجیستیكیمان بێت، نەك چەكمان بداتێ".
گوتیشی: "هیچ فشارێكی رەسمی حكوومەتەكەی عەبادی وەكو رێگەگرتن لە مەشقپێكردنمان لەلایەن ئەفسەرانی توركەوە نەبووە، بەڵكو عەبادی خۆی داوای پاڵپشتیكردنی پارێزگای نەینەوای لە توركیا كرد، بەڵام حكوومەتی سێبەر پێی خۆش نییە ئەو ئەفسەرانە مەشق بە هێزەكانمان بكەن و هەوڵ دەدەن گرفت دروست بكەن".
نوجێفی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد لەماوەكانی دوایی نیازی باش لەلایەن توركیاوە هەبووە بۆ پشتیوانی لێكردنییان، گوتیشی چاوەڕوانی پاڵپشتیی زیاترن و هەڕەشەی داعشی بە مەترسی بۆ سەر هەمووان دانا و گوتیشی خەڵكی مووسڵ توركیا بە نزیكترین دۆستەكانی خۆیان دەزانن.
"ئێستا بۆ داعش ئەنبار لە نەینەوا گرنگترە"
لە تەوەری كۆتایی هەڤپەیڤینەكەیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو پارێزگاری نەینەوا ئەسیل نوجێفی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە بارودۆخی داعش لە نێو مووسڵ باش نییە و خەڵك لێیان بێزاربووە، نوجێفی دووپاتی كردەوە "ئێستا خەڵكی مووسڵ لە داعش بێزاربوون و نیگەرانییان لە دژ دەردەبڕن، جگە لەوەشی سەرچاوە داراییەكانییانی داعش كەمی كردووە، بەرتیل و گەندەڵی لەنێو چەكدارەكانیدا بڵاوبووەتەوە، سەركردەكانیان وەكو جاران حەماسەتیان بۆ شەڕ نییە".
دەشڵێت ئێستا نەوت وەكو جاران سەرچاوەیەكی زۆر گرنگ نەماوە بۆ داعش، چونكە زۆرێك لە كێڵگە و بیرەكانییان لەژێر دەست دەرهێنرا، بە بۆچوونی ئەویش داعش ئێستا پشت بە بازرگانی كەلوپەل بەستووە بە پلەی یەكەم.
نوجێفی باسی لەوەشكرد كە بە وردەكاریی لەرێگەی ئەو زانیارییانەی لەنێو مووسڵەوە بۆیان دێت و زانیارە هەواڵگرییەكانییان ژمارەی چەكدارانی داعشیان لەلایەن، ئەو گوتی: "چەكدارانی داعش لە هەموو پارێزگای نەینەوا كەمترە لە 20 هەزار چەكدار، لە ناو مووسڵیش ژمارەكە زۆر كەمترە، بەهۆی شەڕەكانی ئەمدواییە و بێزاربوون لە بارودۆخەكە و دانانی چەك لەلایەن چەكدارانی داعشەوە چەكدارییان روو لە كەمی كردووە، هەروەها بەشێك لە چەكدارەكان هەڵدێن، ئەوە سەرباری ئەوەی داعش بەرەی شەڕی بەرفراوانكردووە و هێزی زۆری خۆی لە كیس چوو".
ئەو گوتیشی ئێستا بۆ داعش ئەنبار لە نەینەوا گرنگترە، نوجێفی وای بۆ دەچوو بەهۆی نزیكی لە بەغداوە ئەنبار جێی تەماعی پتری چەكدارانی داعشە.
لە كۆتایی قسەكانیدا هێمای بۆ ئەوەكرد كە بارودۆخی ئاوارەكانی نەینەوا لە هەرێمی كوردستان باش نییە، بەتایبەت لە رووی ئاو و كارەباوە و گەرمای هاوینەوە.
news_share_descriptionsubscription_contact

