نیویۆرک
رێکخراوی منداڵپارێزی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان یوونیسێف لە راپۆڕتێکدا باسی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ بووژاندنەوە لە دوای ساڵی ٢٠١٥ کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە گرنگی زیاتر بە منداڵان بدرێت بە پێچەوانەوە تا ساڵی ٢٠٣٠ زیاتر لە ٦٨ ملیۆن منداڵی ژێر تەمەن پێنج ساڵ گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.
یوونیسێف راپۆڕتی بووژاندنەوەی خۆی تایبەت بە ھەزار ساڵ بڵاو کردەوە و لە بەرامبەر بەرنامەی بووژاندنەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دوای ساڵی ٢٠١٥ چەندین ھۆشداری دەدات. لە راپۆڕتەکەدا باسی ئەو رووداو و پێشھاتانە کراوە کە لە دوای ساڵی ١٩٩٠ تا ئەمڕۆ روویان داوە و جەختی لەوە کراوە کە دوای ساڵانی ١٩٩٠ مردنی منداڵانی ژێر تەمەن پێنج ساڵ سەدا ٥٠ زیادی کردووە و ھەر بۆ ھەمان تەمەنی منداڵان رێژەی لاوازی و ناگونجاوبوونی خۆراک سەدا ٤٠ کەمی کردووە.
لەبەشێکی دیکەی راپۆڕتەکەدا باسی ئەوە کراوە کە مردنی دایکانیش سەدا ٤٥ کەمی کردووە و زیاتر لە ٢.٦ ملیار کەسیش ئیمکانی ئەوەی بۆ رەخساوە کە ببێتە خاوەن ئاوی خواردنەوە. بەڵام ئەم ھەموو پێشھاتە باشە بەس نییە و لە راپۆڕتی بووژاندنەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دوای ساڵی ٢٠١٥ کە تا ساڵی ٢٠٣٠یە پێویستی بە گرنگیدان بە کۆمەڵگە دواکەوتووەکان و کۆمەڵگە ھەژارەکانە، بە پێچەوانەوە ئەگەر بێتۆ ئەم بارودۆخە بەردەوام بکات ئەوا رووبەڕووی چەندین پرس و کێشەی دیکە دەبینەوە.
لە راپۆڕتەکەدا باسی ئەوە کراوە کە ئەگەر بێتۆ رێوەشوێنی پێویست نەگیردرێتە بەر و ئەو بارودۆخەی کە ئێستا ھەیە بەردەوام بکات ئەوا تا ساڵی ٢٠٣٠ لە سەرانسەری جیھان زیاتر لە ٦٨ ملیۆن منداڵی ژێر تەمەن پێنج ساڵ گیانی خۆیان لەدەست دەدەن و زیاتر لە ١١٩ ملیۆن منداڵیش رووبەڕووی کێشەی بەدخۆراکی دەبنەوە.
لە راپۆڕتەکەدا جەخت لەوە کراوە کە ھێشتا ساڵانە لە سەرانسەری جیھان شەش ملیۆن منداڵی ژێر تەمەن پێنج ساڵ گیانیان لەدەست دەدەن و زیاتر لە ٢٨٩ ھەزار ژنیش لە کاتی لەدایکبوونی منداڵەکانیان گیانیان لەدەست دەدەن و زیاتر لە ٥٨ ملیۆن منداڵیش دەرفەت و دەرەتانی خوێندنیان نییە.