Salim Xemexan
17 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2017
ھەڵەبجە - AA
بە گوێرەی راگەیەنراوێکی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور کە وێنەیەکی دراوەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور بە ھاوکاریی ئاسایشی سلێمانی توانیویانە دەست بەسەر ئەو حەبە نایاساییانەدا بگرن، لەو راگەیەنراوەدا ھاتووە "لەچوارچێوەی ھەوڵی ھێزەکانمان بۆ بنەبڕکردنی دیاردە دزێو و نەخوازراوەکان، لەبەرواری ١٣/٩/٢٠١٧ دا لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی شارەزوور، ھێزەکانمان بە ھاوکاریی ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی توانیان لە خانە باخێکدا لە ناوچەی نەورۆڵی لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە، دەستبگرن بەسەر ١١٧ کارتۆن حەب و دەرماندا".
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "سێ کارتۆن لەو حەبانە لە جۆری ترامادۆڵن و حەبەکانی تر دەرمانی پزیشکین و بە شێوەی نایاسایی کاری گواستنەوە و کڕین و فرۆشتنی پێوە کراوە و بەنیاز بوون لە رێگەی سنوورەکانەوە بیبەنە دەرەوەی ھەرێم".
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەشدا بەشی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور دەڵێت "لەسەر ئەم دۆسیەیە تۆمەتبارێک بەناوی ە. ع. ع. فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەی زیاتریش بەردەوامە".
لەماوەی ئەمساڵدا ئەمە سێیەمین جارە دەست بەسەر حەبی ھۆشبەردا دەگرێت لە ناوچەکەدا و بە گوێرەی ئامارەکانی ئاسایش لەو سێ ھەڵمەتەدا زیاتر لە شەش ملیۆن دەنکە حەب دەستیان بەسەردا گیراوە و ٦ کەس دەستگیر کراون و فەرمانی گرتنیش بۆ سێ کەسی تر لەسەر ئەو دۆسیانە ھەیە.