کیێڤ
گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری سەر بە سەرۆکایەتی ئۆکراینا، ئوندرێی لیسەنکۆ، رایگەیاند کە لە رۆژھەلاتی ئۆکراینا لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا، ٨٥ جار پێشێلکاری ئاگربەستی لەلایەن جوادخوازان ئەنجام دراوە و لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانیشدا سەربازێکی ئۆکراینی گیانی لەدەست داوە و ١٢ کەسیش بریندار بوون.
لیسەنکۆ راشیگەیاند کە جوداخوازان لە ھێرشەکانیان چەکی قورسیان بەکار ھێناوە کە بەپێی رێککەوتنامەی مینسک قەدەغەیە. جەختیشی لەوە کردەوە کە شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچەکانی لوھانسک و دۆنێتسک سەری ھەڵداوە.
لیسەنکۆ ئاشکراشی کرد کە جوداخوازان چەندین شارەدێی وەک ئەرتمەڤیسک، زۆلۆتۆی، پۆپاستۆنی رۆزۆڤۆی کردووەتە ئامانج.
جێگەی باسە سەرەڕای واژۆکردنی رێککەوتنامەی مینسک بەمەبەستی ئاگربەست لە نێوان جوداخوازان و حکوومەتی ئۆکراینا لە ١٢ی شوبات، شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچەکە بەردەوامە و لایەنەکانیش بەھۆی پێشێلکارییەکانەوە یەکتری تۆمەتبار دەکەن.