Hemid Husein
14 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2015
هەولێر
بەپێی هەواڵێک لە ماڵپەری فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی هاوخەمی بۆ سەرکۆماری فەڕەنسا فڕانسوا ئۆلاند ناردووە کە لە سەرەتاکەیدا هاتووە: "ئەو کردەوە تیرۆریستییانەی شەوی ١٣ـی١١ـی٢٠١٥ لە پاریس ڕوویان دا و ژمارەیەکی زۆر قوربانیی لێ کەوتەوە لە ناخەوە ئازاری داین. بەناوی خۆم و گەلی کوردستانەوە هاوخەمیی خۆمان بە بەڕێزتان و گەلی فەڕەنسا ڕادەگەیەنم".
لە درێژەدا مەسعود بارزانی دەڵێت: "تیرۆر دوژمنی هاوبەشی هەموومانە و تیرۆریستان دژی هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتین و لە هەر شوێنێنێک ژیان و پێشکەوتن و ئارامی هەبێت تیرۆریستانی دڵڕەش پەلاماری دەدەن".
لە کۆتایی پەیامەکەدا بەمجۆرە سەرەخۆشی دەربڕاوە: "گەلی کوردستان کە ئێستا لە شەڕێکی سەختی دژی تیرۆردایە و قوربانیی دەستی تیرۆرە، لەم ڕۆژە ناخۆشەدا، لەگەڵتان هاوسۆزە و بەشداری خەمتان دەکات و پاڵپشتی گەل و حکومەتی فەڕەنسایە.
سەرەخۆشی لە ئێوەی بەڕێز و کەسوکاری قوربانییان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین".