Zana Natık Kerem
17 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 18 مای,س 2020
بەغدا - AA
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆنێکیان بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە ژمارەیەک ناوچەی سەربە سنووری پارێزگاکانی ئەنبار، نەینەوا و سەڵاحەددین دەست پێکردووە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە هێزە ئەمنییەکان بەسەرپەشتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، ئۆپەراسیۆنێکیان بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە باکووری پارێزگای ئەنبار، باشووری پارێزگای نەینەوا و رۆژئاوای پارێزگای سەڵاحەددین تا دەگاتە سنووری نێودەوڵەتی عێراق لەگەڵ سووریا دەست پێکردووە".
لە راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەدراوە کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، هێزەکانی فەرماندەیی جەزیرە، سەڵاحەددین، نەینەوا، حەشدی شەعبی و حەشدی هۆزەکان بەشداری دەکەن.
هەروەها باس لەوەکراوە کە ئۆپەراسیۆنەکە پشتیوانی لەلایەن فڕۆکەکانی سوپا و هێزی ئاسمانییەوە بۆ دابینکراوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە، دەستگیركردنی كەسانی داواكراو و راوەدوونانی تیرۆریستانی داعشە بە ئامانجی بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای ئەوە ئەنجام دەدرێت كە ماوەی چەند رۆژێکە هێرشی داعش بۆسەر هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگاکانی ئەنبار، سەڵاحەددین، دیالە و کەرکووک زیادی کردووە.