17 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 21 مای,س 2020
بەغدا - AA
سەرکردە لە فراکسیۆنی بەرەی رزگارکردن و گەشەپێدان، داود حەمدانی لە پارێزگای دیالە تیرۆرکرا.
فراکسیۆنی بەرەی رزگارکردن و گەشەپێدان کە سەرۆکی پێشووتری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئوسامە نوجێفی سەرۆکایەتی دەکات لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران خاوەن ١١ کورسییە.
لەوبارەوە ئەفسەر لە سوپای عێراق، رائید جەمیل عوبێدی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادؤڵو ئاشکرای کرد، داود حەمدانی لە ناوچەی عەبارە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوە، تەقەی لێکراوە و بەهۆیەوە کوژراوە.
لای خۆیەوە ئەمینداری گشتیی بەرەی رزگارکردن و گەشەپێدان، ئوسامە نوجێفی لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی هێرشەکەی کردووە و رایگەیاندووە کە ئەو هێرشە لەلایەن دەستەیەکی چەپەڵی دەرچوو لە یاسا لە پارێزگای دیالە، ئەنجامدراوە.
ئوسامە نوجێفی داواشی لە هێزە ئەمنییەکان کردووە کە هەوڵەکانیان بە ئامانجی دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە بخەنەگەڕ.
- تیرۆریستانی داعش هێرش دەکەنە سەر خاڵێکی هێزەکانی پۆلیس لە پارێزگای دیالە
رائید جەمیل عوبێدی هەروەها باسی لەوەش کرد کە تیرۆریستانی داعش هێرشیانکردووەتە سەر خاڵێکی هێزەکانی پۆلیس لە ناوچەی عەبارە و بەهۆیەوە پۆلیسێک کوژراوە و ئەفسەرێکیش برینداربوو.
- حەشدی شەعبی هێرشێکی داعش لە پارێزگای سەڵاحەددین تێکدەشکێنێت
هاوکات ئەفسەر لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەددین، نەقیب سەعد محەمەد بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند، هێزێکی حەشدی شەعبی لە ناوچەی زڕقە رۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەددین، بەرپەرچی هێرشێکی داعشیان داوەتەوە و شەش تیرۆریستیان کوشتووە.
- کردەی تیرۆریستیی لە کەرکووک
لە لایەکی دیکەوە شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق لە رایگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراوەوە لە باشووری پارێزگای کەرکووک، تاوەرێکی گواستنەوەی کارەبا رووخاوە.