Hawkar Yaseen
27 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 28 تەمووز 2021
هەولێر - AA
لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ ٢٧ی تەمووز کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد تایبەت بە رێکارەکانی خۆپارێزی بۆ بەرگرتن لەو خێرا بڵاوبوونەوەیەی کۆرۆنا لەنێو هاووڵاتییاندا، بڕیاریشە رۆژی هەشتی ئاب جارێکی دیکە لیژنەکە کۆببێتەوە و بەپێی هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەوکات، بڕیاری دیکە دەردەکرێت.
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی خێرا و بەرچاو زیادیان کردووە، هەر ئەمەش وای کرد لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆببێتەوە بۆ بڕیاردان لە گرتنەبەری رێوشوێنی نوێ.
دوای کۆبوونەوەکە گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "ئەمڕۆ لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد، ئەو بڕیارانەش بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی خەڵکی هەرێمی کوردستان و پاراستنی تەندروستیی گشتی دەرکراوە، بەداخەوە لە ماوەی رابردوودا بەردەوام حکوومەت داوای لە هاووڵاتییان کردووە کە پابەندبن بە رێنماییە تەندروستییەکان پەیوەست بە خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام خەڵک پابەند نەبووە بۆیە ئێمە ناچارین کە رێکارەکان توندتر بکرێن و زیاتر بەو ئاراستەیە ببرێت".
جووتیار عادل گوتیشی: "ئێستا دۆخی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی نارنجیدایە و ئەگەرێکی زۆر هەیە بگاتە رێنجی سوور، لەم حاڵەتەشدا ئێمە ناچارین رێکاری زۆر توندتر وەربگرین و هەموو ئەگەرەکان کراوە دەبن بەتایبەت بابەتی قەدەغەی هاتوچۆی گشتی لەبەردەمی لیژنەکە دەبێت، ئەگەر دۆخەکە زیاتر تەشەنەی کرد و ژمارەی تووشبووان زیاتر بوو، بۆیە داوا دەکەین لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کە پابەندی رێنماییەکان بن و ببن بەهۆکاری ئەوەی کە رێگری بکەن لە زیاتربوونی ڤایرۆسەکە لەنێوماندا و هاوکاری حکوومەت بن".
جووتیار عادل هەروەها گوتی: "لەماوەی رابردوودا، وەزارەتی تەندروستی و حکوومەت بە گشتی کاریان زۆر کردووە، بەڵام ئیستا ئەرکەکە دەکەوێتە سەر شانی هاووڵاتییان، سەرباری ئەوەش ئێمە بەرپرسین و شانیشی دەخەینە بەر و ئەو رێگایەی پێویستە دەیگرینە بەر بۆ سەلامەتی تەندروستیی گشتی خەڵکی کوردستان".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل گوتیشی: "ئەو بڕیارانەی ئەمڕۆ دەرکراون هەموو ئەندامانی لیژنەکە بە دەستەجەمعی و بەکۆی دەنگ بڕیاری لێ دراوە و پەسەندیان کردووە کە لەم خاڵانەی خوارەوە پێکدێت".
- پێویستە شوێنە ئایینیی و بازاڕ و مۆڵ و دوکاندار و شوێنە گەشتیارییەکان و چێشتخانە و کافتریا و ھۆتێل و مۆتێلەکان، کارمەندانەکانیان ڤاکسین بەکاربھێنن، یان تێستی ٧٢ کاتژمێریان پێ بێت، لیژنەکان بە دواداچوونی بۆدەکەن و ھەر شوێنێک سەرپێچی بکات سزا دەدرێت و شوێنەکەی دادەخرێت.
پێویستە ھەموو فەرمانبەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڤاکسین وەربگرن و بە ماسکەوە دەوام بکەن، ھەر فەرمانبەرێک رێکارەکان جێبەجێ نەکات، ئەوا بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، لیژنەی ھاوبەشی وەزارەتی تەندروستیی و ناوخۆ و فەرمانگەی ھەماھەنگیی و بە دواداچوونیش ھەڵسەنگاندنی بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکان لە گشت دامودەزگاکانی حکوومەت دەکات.
- رێگە نادرێت بە ھیچ گەشتیارێک بێتە ناو ھەرێمی کوردستان ئەگەر ڤاکسینی وەرنەگرتبێت یان تێستی ٤٨ کاتژمێری پێ نەبێت.
- ھەر کۆمپانیایەکی گەشتیاری دەرکەوت تێستی ساختەی پێیە، ئەوا ئەو کۆمپانیایە لە گەشتکردن بۆ ھەرێمی کوردستان قەدەغە دەکرێت.
- سەپاندنی بەستنی ماسک لە دامودەزگاکانی حکوومەت و شوێنە گشتیی و گەشتیارییەکان تەنانەت بۆ ئەوانەش ڤاکسینیان وەرگرتووە.
- قەدەغەکردنی بەتەواوەتی ھەموو کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنفرانسەکان و چوونە سەرقەبران.
- مەلەوانگە و شوێنە وەرزشییەکان کراوەبن، بە مەرجی جێبەجێکردنی رێکارە تەندروستییەکان.
- ھۆڵی سینەماکان لە گشت مۆڵ و بازاڕەکان بە داخراوی دەمێنێتەوە.
- داخستنی تەواوی ھۆڵی بۆنە و ئاھەنگ و مەراسیم و ھۆڵەکانی ناو ھۆتێلەکان.
- دانانی پرسە بە ھەموو شێوەیێک قەدەغەیە و ھەر کەسێک پابەند نەبێت بە بڕێک پارە سزا دەدرێت و لیژنەکانی قایمقامییەتیش بە دواداچوون بۆ جێبەجێکردنی دەکەن.
- شوێنە ئایینییەکان بە جێبەجێکردنی رێکارە تەندروستییەکان کراوە دەبن و ھەر شوێنێک پابەند نەبێت، ئەوا سزا دەدرێت و دادەخرێت.
- ژووری ئۆپەراسیۆن لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەبێت ئەم رێکارانە وەک خۆیان جێبەجێ بکەن و دەستەڵاتیشیان پێ دەدرێت ئەگەر پێویست بێت رێکارەکان توندتر بکرێت.
- لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا داوا لە میدیاکان دەکات ھاوکار بن لە ھۆشیارکردنەوەی ھاووڵاتییان.
- ئەم رێکارانە بۆ ماوەی ھەفتەیەک دەبێت و لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە رۆژی ٣-٨-٢٠٢١ جارێک دیکە کۆدەبێتەوە و ھەڵسەنگاندن بۆ پرسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان دەکات.