Hawkar Yaseen
18 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 18 نیسان 2021
هەولێر - AA
باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، فاتیح یڵدز بە مەبەستی خواحافیزی و کۆتایی هاتنی ئەرکەکانی لە عێراقدا بە یاوەری کۆنسولی تورکیا لە هەولێر، هاکان کاراچای سەردانی وەزارەتی هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکانی کرد و لەلایەن وەزیری هەرێم، ئایدن مەعروف پێشوازی لێکرا.
ئایدن مەعروف لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، دەربارەی کۆبوونەوەکە گوتی: "سەردانەکەی ئەمڕۆی باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا فاتیح یڵدز، بەبۆنەی کۆتایی هاتنی کارەکانی بوو لە عێراقدا کە خۆی لە خۆیدا ئەم سەردانە گرنگیدانە بە فایلی پێکهاتەکان و گرنگیدانە بە پێکەوەژیانی نەتەوەکان لە هەرێمی کوردستاندا، ئێمەش لە هەموو کات زیاتر پشتیوانی لەوەدەکەین پەیوەندییەکانی هەرێم و تورکیا بەرەو باشتر بڕوات لە ئاستی باڵادا".
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف هەروەها گوتی: "ئێمە وەک وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان کە ئەم فایلە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی زۆری پێدراوە، ئامانجمان خزمەتکردنی زیاتری پێکهاتەکانە بەبێ جیاوازی، وەک پێکهاتەی تورکمانیش دەمانەوێت فاکتەرێکی باشبین بۆ پتەوکردن و باشترکردنی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، چونکە تورکیا وڵاتێکی زۆر گرنگە لە ناوچەکەدا لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەبێ جیاوازی پشتیوانی لە هەموو پێکهاتەکان و نەتەوە و ئەدیانە جیاوازەکان کردووە، لەئێستاشدا باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، فاتیح یەڵدز کە سەردانی ئێمەی کردبوو وەک وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئێمە پێشوازیمان لێکرد".
دەربارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش، ئایدن مەعروف رایگەیاند "لە کۆبوونەوەکەدا باسی رەوشی سیاسی لە هەرێم و ناوچەکە کرا، باسی رەوشی پێکهاتەکان کرا، باسی بارودۆخی تورکمان کرا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، فاتیح یەڵدز لەو ماوەیەدا کە باڵیۆزبوو لە بەغدا توانی سیاسەتێکی زۆر دادپەروەرانە پەیڕەو بکات کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی کردووە و ئێمە هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین".
باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا سەردانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان کرد