Zana Natık Kerem
05 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2024
ھەولێر ــ AA
بەرەی تورکمانی عێراق داوای لە سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کرد کە ھەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە پارێزگای کەرکووک، بگرێتەبەر.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ شەممە تەقینەوەیەک لە گەڕەکی موسەڵڵا شاری کەرکووک ڕوویدا و بەھۆیەوە بەرپرسی ماڵی تورکمان، سایگن ھاجەرئۆغلو و ژمارەیەک ھاووڵاتی مەدەنی دیکە برینداربوون.
بەرەی تورکمانی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "بەتوندی سەرکۆنەی ئەو تەقینەوە تیرۆریستییە دەکەین کە ئەمڕۆ شەممە لە گەڕەکی موسەڵڵا شاری کەرکووک ڕوویدا کە بەھۆیەوە بەرپرسی ماڵیی تورکمان، سایگن ھاجەرئۆغلو و ژمارەیەک ھاووڵاتی مەدەنی دیکە برینداربوون".
ڕاشیگەیاندووە: "گرووپە تیرۆریستییەکان بە ئەنجامدانی ئەم کردەوە ترسنۆکانە کە کەسایەتی و سەرکردەکانی کۆمەڵگای تورکمان لە کەرکووک دەکەنە ئامانج، دەیانەوێت ئاسایشی و سەقامگیری شارەکەمان تێک بدەن و ئاژاوەش بخەنە نێو پێکھاتەکانی ئەم شارە".
جەختیشی لەوەش کردووەتەوە کە ئەم کردە تاوانکارییە، وایان لێ دەکات زیاتر پابەند بن بە یەکێتی و بەرگریکردن لە مافی نەتەوەکەیان لە کەرکووک و ھاتووە: "داوای لە فەرماندەی ھێزە چەکدارەکانی عێراق دەکەین کە ھەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە پارێزگای کەرکووک، بگرێتەبەر، ھەروەھا ڕێگاش بەھچ گرووپێکی تیرۆریستی نەدرێت ئارامی شارەکە تێک بدەن و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بە سزای توندی یاسایی بگەیەندرێن".
ھەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا، داوای لە حکوومەتی فیدراڵی کراوە كە ئاسایش لە شاری کەرکووک پتەوتر بکات، هەروەها ھەوڵی زیاتر بدات بۆ پاراستنی کەسایەتییەکان و ھاووڵاتییانی کەرکووک بەگشتی لە ھەڕەشەی تیرۆر.
بەرەی تورکمانی لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، داوای لە لایەنە سیاسییەکان کردووە، کە ڕیزەکانیان یەک بخەن بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئەو ھەوڵانەی کە بۆ تێکدانی نێوان پێکھاتەکان و ئاسایشی شاری کەرکووک دەدرێن.