Zana Natık Kerem
16 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 17 شوبات 2023
ھەولێر – AA
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل رایگەیاند، رێککەوتنی بەرایی لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢٣ی عێراقەوە لەنێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق کراوە، بەڵام ھەندێک وردەکاری ماون کە پێویستییان بە گفتوگۆ ھەیە.
جووتیار عادل لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا باسی لە ژمارەیەک رۆژەڤ کرد لەنێویاندا، سەردانی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و رێککەوتنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەبارەی بوودجەی ٢٠٢٣، ھەروەھا سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بۆ ئیمارات.
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانی شاندی حکوومەتی ھەرێم بۆ بەغدا و گفتوگۆکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق ئاماژەی بەوەدا لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد لە میانیدا لەگەڵ وەزارەتەکانی دارایی، نەوت، پلاندانان و ژمارەیەک وەزارەتی دیکەی عێراق کۆبوونەوە و گوتی: "رۆژی یەکشەممەی ھەفتەی داھاتوویش، بۆ درێژپێدان بە کۆبوونەوە و گفتوگۆکان، دووبارە شاندی ھەرێم سەردانی بەغدا دەکاتەوە".
جووتیار عادل گوتیشی: "یەکێک لە کۆبوونەوەکانی چەند رۆژی رابردووی شاندی ھەرێم لە بەغدا، لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان بووە کە لە میانیدا، ھەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی چۆنیەتی ھەماھەنگی و بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان کردووە".
عادل باسی لەوەش کرد لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ژمارەیەک دەروازە کە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە فەرمین، بەڵام لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بە نافەرمی لەقەڵەم دراون و ئەوە تاوتوی کراوە، لەوەی چۆن ئەو دەروازانە بکرێنە فەرمی و لەوبارەوە ھەنگاوی باش نراوە و رێککەوتنی بەرایی کراوە".
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل لەبارەی بووجەی گشتیی ساڵ٢٠٢٣ی عێراقەوە گوتی: "رێککەوتنی بەرایی لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢٣ی عێراقەوە لەنێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق کراوە و ئەرکەکانی ھەردوولا دیاریکراون، بەڵام ھەندێک وردەکاری ماون کە پێویستییان بە گفتوگۆ ھەیە، بۆ ئەوەی مافەکانی ھەرێمی کوردستان پشتگوێ نەخرێن".
جووتیار عادل لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بۆ ئیمارات بەمەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی جیھانیی حکوومەتەکان رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە میانی سەردانەکەی بۆ ئیمارات زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسانی ئیمارات ئەنجامداوە کە تیایدا داویان لە وڵاتانی کەنداو کردووە، وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان بکەن و سەردانەکە بەشێوەیەکی گشتیی بەرھەمدار بووە و گوتی: "وڵاتانی کەنداو بە گرنگییەوە لە پێگەی ھەرێمی کوردستان دەڕوانن".
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی گەیاندنی ھاوکارییەکان بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکان لە سووریا گوتی: "سووریا بەھۆی ئەوەی بە دۆخێکی شەڕدا تێپەڕدەبێت، بۆیە ھاوکارییەکان بەراورد بە وڵاتێکی کە لە ئاشتییدا دەژێت، بە ئەستەم دەگەیەنرێنە زیانلێکەوتووان".
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل راشیگەیاند کە پێویستە ھاوپەیمانان لێکۆڵینەوە بکەن، لەوەی بزانرێت ھاوکارییەکان لە سووریا بۆ کوێ دەبرێن، بەڵام توانراوە بە ھەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھاوکارییەکان بگەیەندرێتە زیانلێکەتووانی بوومەلەرزەکان لە سووریا.