Zana Natık Kerem
21 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2021
ھەولێر ــ AA
دەستەی حەشدی شەعبی کوژرانی چوار چەکداری لە ئاکامی ھێرشێکی داعش لە باکووری بەغدا راگەیاند و ئاشکرای کرد، یەکێک لە کوژراوەکان، جێگری فەرماندەی فەوجی كۆمندۆی سەر بە لیوای ١٢ی حەشدی شەعبییە.
دهستهكه لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە چەکدارانی داعش ھێرشیان کردووەتە سەر ھێزێکی لیوای ١٢ـی حەشدی شەعبی لە قەزای تارمییە باکووری بەغدا و لەئاکامدا، چوار چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون و شەشی دیکەیش برینداربوون و ھاتووە:
"ھێرشەکە لە کاتێکدا ئەنجام دراوە، ئۆپەراسیۆنی چەکدارانی حەشدی شەعبی بە مەبەستی گەڕان و پشکنین لە قەزای تارمییە ماوهی دوو ھەفتەیە بەردەوامە کە ناوچەی یەکلاکەرەوەیە لەنێوان بەغدا، سەڵاحەددین و ئەنبار".
بەپێی راگەیەندراوەکە لە ئاکامی ھێرشەکەدا جێگری فەرماندەی فەوجی كۆماندۆ سەر بە لیوای ١٢ی حەشدی شەعبی، زرغام عەدنان ھانی جەنابی لەگەڵ سێ چەکداری دیکە بەناوەکانی عەلی کازم حاتم زیرجاوی، یوسف محەممەد کەریماوی و محەمەد حەمزە جبووری کوژراون، ھەروەھا شەش چەکداری دیکەیش بەناوەکانی ریاز نووری جەنابی، مورتەزا عەلی لەفتە دەراجی، حەیدەر کریبج جەبار عەتوانی، حوسێن کازمی خزەیر مەسعودی، موھەنەد مونیر ئەسەدی و محەمەد ستار گەرعاوی برینداربوون.
پێشتر سەرچاوەیەکی ئەمنی لە عێراق بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندبوو، ژمارەیەک چەکدار کە گومان دەکرێت سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش بووبن، بۆمبێکی چێنراویان بە کاروانێکی حەشدی شەعبیدا لە قەزای تارمییە باکووری بەغدا تەقاندووەتەوە و دواتر لە ھەمان ناوچە، ھێرشیان کردووەتە سەر بارەگای لیوای ١٢ی سەر بە حەشدی شەعبی و لە ئاکامدا چوار چەکداری حەشدی شەعبی کە یەکێکیان فەرماندەیەکی مەیدانییە کوژراون و ھەشتی چەکداری دیکەیش برینداربوون.