Zana Natık Kerem
30 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 01 مای,س 2023
ھەولێر – AA
دەزگای دژەتیرۆری عێراق رایگەیاند کە لە میانی مانگی رابردوودا، ھەشت تیرۆریستی داعش لەلایەن ھێزەکانیانەوە دەستگیر کراون.
دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە راگەیەندراوێکدا، ئاماری ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە ھێزەکانیان لە میانی مانگی رابردوودا بۆسەر تیرۆریستانی داعش ئەنجامیانداوە بڵاوکردەوە.
راشیگەیاندووە کە ھێزەکانی سەربە دەزگای دژەتیرۆر لە یەک تا ٣٠ی مانگی نیسان، ١١ ئۆپەراسیۆنیان لە ژمارەیەک ناوچەی عێراق بۆسەر تیرۆریستانی داعش ئەنجامداوە.
باسی لەوەش کردووە کە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکاندا، ھەشت تیرۆریستی داعش دەستگیرکراون، ھەروەھا پیلانێکی تیرۆریستیش پووچەڵکراوەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە ئاکامی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی ئاسمانییدا کە لە میانی مانگی رابردوودا لە ژمارەیەک ناوچەی عێراق بۆسەر حەشارگەکانی داعش ئەنجامدراون، ژمارەیەک حەشارگە خاپوور کراون.