Heman Hussein Yaseen
14 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر - AA
رێکخراوی لێکۆڵەر بۆ سەروەری یاسا بە پاڵپشتی رێکخراوی سندوقی نیشتمانیی بۆ دیموکراسی ئەمریکی ئەنجامی راپرسییەکی سەبارەت بە دەسەڵاتی دادوەری و سیستەمی لێکۆڵینەوە لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو کە تیایدا بەشێکی زۆری بەشداربووان تێبینیان لەسەر سەربەخۆیی سیستەمی دادوەری لە ھەرێمی کوردستان ھەبوو.
بەپێی ئەنجامی راپرسییەکە دەرکەوتووە کە زۆرینەی ھاووڵاتییان رەخنەیان لە سەروەری یاسا ھەیە و پێیانوایە کە لە ھەرێمی کوردستان سیاسەت تێکەڵ بە بواری یاسا کراوە، پێشیانوایە کە کەموکوڕی زۆریش لە سیستەمی دادوەریدا ھەیە.
بەڕێوەبەری پڕۆژەکە پێشەوا حیسامەددین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی ١٤ مانگە سەرقاڵی ئەم پڕۆژەیەین کە نووسینی توێژینەوەیەک لەسەر دەسەڵاتی دادوەوەری کە لە کوێیە و کەموکوڕیەکان لە کوێن و چین. لە یاساکەدایە یان لە جێبەجێکردنەکەیەتی و هەموو ئەوانەمان کردووەتە پرسیار و شیکردنەوە، کۆمەڵێک راسپاردەشمان ئامادەکردووە و ویستوومانە رای خەڵک وەربگرین لەسەر سیستەمی دادوەری و لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی، ئیدارەی راپەڕین و ئیدارەی گەرمیان و خەڵک بەشدارییان تیایدا کردووە".
لە پرسیارەکانی نێو فۆڕمەکەدا هاتووە، "ئایا شێوازی مامەڵەکردنی دادگاکان یاساییە"؟، "ئایا دەسەڵاتی دادوەری توانیوویەتی پێوەری نێودەوڵەتی رەچاو بکات"؟، "ئایا وەرگرتن لە پەیمانگای دادوەری لەسەر چ بنەمایەکە"؟ "ئایا ژمارەی دادوەران بەپێی پێوەری نێودەوڵەتییە"؟ "ئایا دادگاکان بە سیاسیی کراون"؟ و چەندین پرسیاری دیکەی تایبەت بە سیستەمی دادوەری لە هەرێمی کوردستان لە فۆڕمەکەدا خراوەتەڕوو.
لەبارەی ئەنجامی راپرسییەکەش، پێشەوا حیسامەددین گوتی: "ئەنجامەکەی ئەوەیە کە خەڵک بۆچوونی خۆیان دەربڕیووە رێژەیی، خەڵک تێبینی هەیە لەسەر دەسەڵاتی دادوەری و نەبوونی سەروەری یاسا. لە سەروەری دادوەری تێبینی هەیە و پێویستە ئەدای دادوەری گۆڕانکاری تیادا بکرێت و دەتوانین بلێین سیستەمەی دادوەری لەژێر پرسیاردایە".
پێشەوا حیسامەددین گوتیشی: "لە راپرسییەکەدا، چوار هەزار و ٥٠٠ فۆڕم پڕکراوەتەوە و دواتر ئەو راپرسییە ئاراستەی ھەریەکە لە حکوومەت، پەرلەمان، ئەنجوومەنی دادوەری و وەزارەتی داد دەکەین بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەن بە ئامانجی بەرپێشووچوونی سیستەمی دادوەری لە ھەرێمی کوردستاندا".
بەشداربوویەکی سمینارەکە پێیوایە کە پڕۆژەکە بۆ ئێستا گرنگە و لەهەمانکاتیشدا، ئەرکی دەسەڵاتی دادوەری قوڕستر دەکات، پێشیوایە کە چەندین یاسا لە هەرێمی کوردستان پێویستییان بە هەموارکردنەوە هەیە.
راوێژکار لە وەزارەتی دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شارەزای بواری یاسا، کرمانج یونس عوسمان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پڕۆژەکە بۆ ئیستا گرنگە چونکە لە رووی ئەکادیمییەوە ئەو لایەنانە نیشان دەدات کە کەموکوڕی هەیە لە سەروەری یاسا و لە دادگاکان، بەراوردێکی کردووە لەسەر بارودۆخی ناوخۆ بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام یەکێک لە کەموکوڕییەکانی پڕۆژەکە ئەوەیە کە تەنیا ئیعتیمادی نەکردووە لەسەر لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەڵکو لەسەر لایەنە هەرێمییەکانیش کە عێراق لە چەندین پەیماننامەی نێودەوڵەتی ئەندام نییە، بۆیە دەتوانین بڵێین بەشێک لەو پڕۆژەیە واقیعی ئێستا نیشان دەدات، بەشێکی دیکەیشی دەبێتە داخواز کە لە داهاتوودا بتوانین کاری لەسەر بکەین. لە کۆتاییدا ئەم پڕۆژەیە ئەرکی دەسەڵاتی دادوەری و تەشریعی قوڕستر دەکات بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بەو بابەتانەدا بکاتەوە و لە هەمانکاتدا لە رووی سەرچاوەی مرۆیی دەبێت پێداچوونەوە بە دەسەڵاتی دادوەریدا بکرێت".
کرمانج یونس عوسمان پێیوایە کە بەشێکی زۆر لە یاساکان پێویستییان بە هەموارکردنەوە هەیە و لەمبارەیەوە دەڵێت "زۆربەی یاساکان پێویستییان بە پێداچوونەوە هەیە، هەندێک یاسا لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە و پێویستە هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا یاسای وەزارەتی داد پێویستی بە هەموارکردنە، چونکە تا ساڵی ٢٠٠٣ دادگاکان سەربە وەزارەتی داد بوون، بەڵام دواتر دادگاکان وەکو دەسەڵاتێکی سەربەخۆ جیاکرایەوە، بەڵام یاسای وەزارەتی داد تا ئێستا هەموار نەکراوەتەوە، بۆیە دەبێت هەموار بکرێتەوە".
کرمانج یونس عوسمان لەبارەی ئەو یاسایانەی کە پێویستە لە هەرێمی کوردستان هەبن گوتی: "بوونی لایەنی کەمی ستاندارد لە بنەماکانی مافی مرۆڤ لە دادگاکان، بۆ نموونە زۆر جار کێشەیەک پەیوەندی بە مافی منداڵانەوە هەیە کە لە یاساکانی هەرێم و عێراقدا نییە، بەڵام لە یاسای نێودەوڵەتییدا هەیە یان یاسایەک بۆ مافی کەمئەندامان، هەروەها کاتێک باس لە تاپۆ و عەقارات دەکرێت پەیوەندی بە مافی مولکییەتەوە هەیە، یان سەرپەرشتی ناکامەکان پەیوەندی بە مافی منداڵەوە هەیە بۆیە هەموو ئەو یاسایانە پێویستە هەبن، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەموو راپۆڕتە نێودەوڵەتییەکانیش سەروەری یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێگای گومانە و پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە".