Heman Hussein Yaseen
29 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 31 ئادار 2021
هەولێر - AA
ئەمشەو سێ مووشەک ئاراستەی میحوەری پێنجی پێشمەرگە لە پردێ کراوە و تا ئێستا نازانرێت مووشەکەکان لە کوێیەوە ئاراستەکراون.
بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووکی ھێزەکانی پێشمەرگە، نووری حەمە عەلی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "ئەمشەو سێ مووشەک ئاراستەی میحوەری پێنجی پێشمەرگە لە پردێ کران و تا ئێستا سەرچاوەی ئاراستەکردنی مووشەکەکان نەزانراوە".
لەبارەی زەرەر و زیانەکانی مووشەکبارانەکە، نووری حەمە عەلی گوتی: "تا ئێستا ھیچ زیانێکی نەبووە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن".
بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووکی ھێزەکانی پێشمەرگە راشیگەیاند، لەئێستادا هێزەکانیان خستووەتە ئامادەباشییەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، ھێزێکی زۆری پێشمەرگە بڵاوەی پێکراوە و تا ئێستاش رێگای نێوان ھەولێر و کەرکووک داخراوە و تیمەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە.
شاردەێی پردێ دەکەوێتە نێوان هەردوو پارێزگای هەولێر و کەرکووک و لەرووی کارگێڕییەوە سەر بە شارۆچکەی دبسە لە پارێزگای کەرکووک و ٤٠کم لە کەرکووک و ٥٠کم لە ھەولێرەوە دوورە.