Zana Natık Kerem
25 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح رایگەیاند کە گرنگە گرژییەکانی ناوچەکە بە ئاراستەی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە کەم بکرێتەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ دووشەممە، بەرھەم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیی لە باڵیۆزی جەزائر لە عێراق، عەبدولقادر بن شاعە کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە دیدارەکەدا، لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و جەزائر گفتوگۆکراوە و لەوبارەیەوە جەختکراوەتە لەسەر پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە سەرجەم بوارەکاندا.
ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە میانی دیدارەکەدا باس لە پرسە ھاوبەشەکانی ناوچەکە کراوە و لەوبارەیەوە سەرکۆماری عێراق، جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە ئەوەیش لەسەر بنەمای گفتوگۆ و دۆزینەوەی چارەسەری پێویست بۆ کێشە ھەڵپەسێردراوەکان و کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکان بە تایبەتی قەیرانەکانی سووریا، یەمەن و لیبیا و بەھێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و وەستاندنی نەھامەتییە مرۆڤایەتییەکان کە گەلانی ناوچەکە و بەتایبەتی ئەو وڵاتانە رووبەڕووی دەبنەوە.
ھەر بەپێی راگەیەندراوەکە باڵیۆزی جەزائر لە عێراق، عەبدولقادر بن شاعە ھەوڵەکانی سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح-ی بەرزنرخاندووە لە بەھێزکردنی رۆڵی عێراق لەسەر ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی و رایگەیاندووە کە جەزائر پاڵپشتی لە ھەوڵەکانی عێراق دەکات بۆ پتەوترکردنی ئاسایش و سەقامگیری.