22 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 23 کانوونی یەکەم 2019
بەغدا ــ AA
بەر لەوەی سەركۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح كەسێك بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەتی نوێ راسپێرێت چالاكوانان، قوتابیان و سەندیكا پیشەییەكان داوا دەكەن خۆپیشاندانی ملیۆنی ئەنجام بدرێت، لای خۆیانەوە خۆپیشاندەران جەخت دەكەنەوە كە كاندیدی پارتەكان بۆ سەرۆكوەزیران رەت دەكەنەوە لەسەروویانەوە كاندیدی هاوپەیمانیەتی بینا، قوسەی سوهەیل.
چالاكوانان و قوتابیان لەگەڵ سەندیكا پیشەییەكان داوایان كرد كە خۆپیشاندانی ملیۆنی ئەنجام بدرێت، ئەویش بە ئامانجی رەتكردنەوەی كاندیدی پارتەكان بۆ سەرۆكوەزیران لەسەروویانەوە كاندیدی هاوپەیمانیەتی بینا، قوسەی سوهەیل.
لەوبارەوە ژمارەیەكی زۆری قوتابی نەچوونە زانكۆ و قوتابخانەكان و روویان لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكان كرد، لەلایەكی دیكەوە خۆپیشاندەران لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی باشووری عێراق، رێگە سەرەكییەكانیان داخست و فەرمانگە گشتییەکانیان گەمارۆداوە.
هاوكات ئاژانسی ئانادۆڵو لە شایەتحاڵەكان و سەرچاوە ئەمنییەكان زانیاریی دەستكەوتووە كە خۆپیشاندەران لە نەجەف، رێگەی نێوان شارەكە و شاری كەربەلا-یان داخستووە.
هەر لەوبارەوە شایەتحاڵەكان و سەرچاوە ئەمنییەكان بە ئاژانسی ئانادۆڵویان راگەیاند كە خۆپیشاندەرانی شاری سەماوە ناوەندی پارێزگای موسەننا، رێگەی هاتوچۆیان لە ناوەڕاستی شارەكە داخستووە.
هاوكات لە شاری ناسرییە ناوەندی پارێزگای زیقار پردەكانی نەسر، دوب، سەریع لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە داخراون، ئەمە وێرای ئەوەی ماوەی چەند هەفتەیەكە پردی زەیتون لە شارەكە لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە داخراوە.
لە لایەكی دیكەوە خۆپیشاندەرانی بەسرە، رێگەی سەرەكییەكان لە پارێزگاكە داخستووە بەتایبەتیش ئەو رێگەیانەی كە دەچن بەرەو كێڵگە نەوتییەكانی زۆبێر و رومێلە.
هەر لە شاری بەسرە خۆپیشاندەران، ئیدانەی هەوڵی پارتەكانیان كرد لە پێشكەشكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران.
لە خۆپیشاندانەكانی بەسرە، خۆپیشاندەران دروشمەكانی "بەسرە سەربەخۆیە" ، "ئێران بۆ دەرەوە" و "گەل دەیەوێت پارتەكان بڕوخێنێت"یان بەرزكردەوە.
خۆپیشاندەرێكی بەسرە بە ناوی عەلی كە نەویویست ناوی باوكی ئاشكرا بكرێت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەمانەوێت فەرماندە لە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی لە عێراق بكەینە دەرەوە".
ئەو گوتی: "قاسم سولەیمانی لێرە چی كاری هەیە، با خۆی و پارتەكانی نزیك بەو باش ئەوە بزانن، عێراقییەكان بە راسپاردەكانی ئێران رازی نابن و نابن بە بوكەڵە بۆ ئەوەی بەویستی خۆیان یاریان پێ بكات".
پێشتر میدیاكان و چالاكوانانی خۆپیشاندانەكان ئاشكرایان كردبوو كە ماوەی چەند هەفتەیەكە قاسم سولەیمانی لە عێراقە و هەوڵی دەدات خۆپیشاندانەكان سەركەوت بكات و هەژموونی وڵاتەكەی لەڕێگەی ئەو پارتانەی كە بە نزیك لە ئێران هەژمار دەكرێن لە عێراق ببپارێزێت.
ئەو خۆپیشاندەر گوتیشی: "ناتوانیین بگەڕێنەوە چوارگۆشەی یەكەم، هەر كەسێك لە لایەن پارتەكانەوە بۆ سەرۆكوەزیران كاندید بكرێت یان ئەو كەسانەی كە ئێستا لە دەسەڵاتدان بەتایبەتیش ئەوانەی نزیكی ئێرانن رەت دەكەینەوە، خۆپیشاندانەكان راناوەستن تا ئەو كاتەی ئامانجەكانمان بەدی نەهێنیین".
لە شاری دیوانییە خۆپیشاندەران بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین بەرامبەر بە هەوڵی پارتەكان بۆ كاندیدكردنی قوسەی سوهەیل بۆ سەرۆكوزەیران، رێگە سەرەكییەكانیان لە شارەكەدا، داخست.
لەوبارەوە چالاكوانی خۆپیشاندانەكانی دیوانییە، غانم مەحمود بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەرگیز پارتەكان رێز لەو كەسانە ناگرن كە لەبەر داواكارییەكانیان بوونەتە قوربانی، هەر ئەمەش لێیان چاوەڕان دەكرێت، ئەگەر نا ئەوە چۆن رۆژمان بە ئەمڕۆ دەگەیشت".
غانم مەحمود گوتیشی: "رەوشەكە زیاتر گرژ و ئاڵۆز دەبێت، ئەگەر پارتەكان كاندید سەرۆكوەزیران پێشكەش بكەن".
لەئێستادا، چاوەڕوانی ئەوە دەكرێت دادگای بالای فیدراڵی بڕیاری خۆی سەبارەت بە دیاریكردنی گەورەترین فراكسیۆن لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەربكات بۆ ئەوەی دواتر سەركۆمار، فراكسیۆنەكە راسپێرێت تا كاندیدی خۆی بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەتی نوێ پێشكەش بكات.
دوێنێ شەممە لە میدیاكانی عێراق دەنگۆی ئەوە بڵاوكرابوویەوە، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە حكوومەتی كاربەڕێكەر، قوسەی سوهەیل كە پێشتر لە هاوپەیمانی سائیرون-دا بوو، دواتر جیابووەتەوە و پەیوەندیی بە دەوڵەتی یاساوە كردبوو، كاندیدی هاوپەیمانی بینا-یە بۆ سەرۆكوەزیرانی داهاتوو.