Rewa Mahmood Hasan
22 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2019
سلێمانی - AA
رۆژی دووەمی کۆنگرەی "نوێبوونەوە"ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەست بەکارەکانی دەکات و چاوەڕوان دەکرێت ١١٨ ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتیی متمانەی کۆنگرەیان پێ بدرێت.
بەپێی پێکهاتەی نوێی رێکخراوەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەنجوومەنێکی گشتی کە لە ١٢١ کەس پێکهاتووە، ئەرکی رابەرایەتی یەکێتی دەگرێتە ئەستۆ و دوێنێ و لە یەکەم رۆژی کۆنگرەدا سێ کەسیان هەڵبژێردران.
بەرهەم ساڵح، قوباد تاڵەبانی و رێواز فایق هەڵبژێردراوانی یەکەمی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتی بوون کە متمانەی کۆنگرەیان بەدەست هێنا.
١٢١ کەسەکە نوێنەری سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و دەرەوەی وڵاتیش دەگرێتەوە.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتی لە ٣٢ ئەندامی بازنەی سلێمانی، ٩ی راپەڕین، ٥ی دیالە، ٢٤ی هەولێر (کە ٤یان کۆیە و ٥یان سۆرانە)، هەروەها ٢٩ ئەندامی کەرکووک، ١٠ی نەینەوا و ١ ئەندامی بەغدا و ٤ نوێنەری دەرەوەی عێراق دیاری دەکرێت.