16 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 17 مای,س 2020
بەغدا - AA
لە ئاکامی زنجیرەیەک هێرشی چەکدارییەوە لە سنووری پارێزگاکانی دیالە، سەڵاحەددین، کەرکووک بەسرە، هەشت کەس کوژران کە شەشیان کارمەندی ئەمنی و چەکداری حەشدی شەعبین .
لەوبارەوە ئەفسەر لە سوپای عێراق، رائید جەمیل عوبێدی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد، ژمارەی ئەو کەسانەی کە هێرشەکەی دوێنێ هەینی تیرۆریستی داعش سەر خاڵێكی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە گوندی ئەلبو مەڕعی سەربە ناحیەی عوزێم باكووری پارێزگای دیالە کوژراون بەرزبووەتەوە بۆ چوار کوژراوە و شەش بریندار کە سەرجەمیان حەشدی شەعبین.
پێشتر ئەفسەر لە پۆلیسی دیالە، ملازم شەعلان كاملی لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاندبوو كە لە ئاكامی ئەو هێرشەدا، دوو چەكداری حەشدی شەعبی كوژراون و دوو دیكەیش برینداربوون.
هاوکات ئەفسەر لە ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەددین، نەقیب سەعد محەمەد بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە تیرۆریستانی داعش هێرشیانکردووەتە سەر خاڵێکی ئەمنی لە قەزای دوجێل باشووری پارێزگاکە کە بەهۆیەوە یەک پۆلیس کوژراوە.
هاوکات راگەیەندرا کە لە ئاکامی هێرشێکی داعش بۆسەر خاڵێکی ئەمنی لە باشووری پارێزگای کەرکووک، یەک پۆلیس کوژراوە.
لهوبارەوە ئەفسەر لە پۆلیسی کەرکووک، موراد جومەیلی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند کە تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردووهته سهر خاڵێكی پشكنینی پۆلیس له شارۆچكهی یایچی سەربە قەزای دوبز باشووری کەرکووک.
باسی لەوەشکرد کە كه له ئاكامی هێرشهكهدا، یهك پۆلیس كوژراوه.
لە لایەکی دیکەوە ئەفسەر لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە، ملازم محەمەد خەڵەف لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشکرایکرد کە دوو کەسی مەدەنی لە ناوەڕاستی شاری بەسرە لە لایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە تەقەیان لێکراوە و بەهۆیەوە کوژراون.
مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧، ھێزە عێراقییەکان بە پاڵپشتیی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و دوای سێ ساڵ لە شەڕێکی سەخت دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی ئەو رووبەرەیان راگەیاند کە بە یەک لەسەر سێی خاکی عێراق ھەژماردەکرا کە داعش لە ھاوینی ٢٠١٤ کۆنتڕۆڵی کردبوو. سهرۆكوهزیرانی پێشووتری عێراق، حهیدهر عهبادی، له ٩ی كانوونی یهكهمی ٢٠١٧دا، سهركهوتنی بهسهر ئهو رێكخراوهدا راگهیاند.
وێڕای ئەوەی ھێزەکانی عێراق داعشیان لە ناوچەکان دەرکردووە و شارەکانیيان ئازادکرد بەڵام شانە نووستووەکانی رێکخراوەکە تاکو ئێستا بەردەوامن لە سەر ھێرشەکانیان بهتایبهت لە گوندەوارەکانی پارێزگاکانی کەرکووک، مووسڵ، سەڵاحەددین و ئەنبار.