Zana Natık Kerem
30 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای دیالە رۆژھەڵاتی عێراق، لیوا حامید خەلیل یەعقوب یوسف لە پۆستەکەی لادرا و لیوا عەباس محەمەد حوسێن عەبود لە شوێنی ئەو دەستنیشان کرا.
میدیا عێراقییەکان پشت بەستن بە نووسراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویان کردەوە کە لیوا عەباس محەمەد حوسێن عەبود لە شوێنی لیوا حامید خەلیل یەعقوب یوسف وەک فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای دیالە، دەستنیشان کراوە.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت کە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە ٢٦ی تشرینی یەکەم، ژمارەیەک چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش ھێرشیان کردە سەر گوندی رەشاد سەربە قەزای میقدادییە لە پارێزگای دیالە و بەپێی داتاکانی سوپای عێراق، لەو ھێرشەدا ١١ کەس کوژران، بەڵام سەرچاوەیەکی پزیشکیی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، لەو ھێرشەدا ١٥ کەس کوژران و ١٣ ی دیکە برینداربوون.
دوای ئەو ھێرشە، سەدان چەکداری شیعە لە گوندی رەشادەوە ھێرشیان کردە سەر خەڵکی گوندی "نەھر ئیمام" کە دانیشتووانەکەی سوننە مەزھەبن، ئەمەش وەک تۆڵەکردنەوەیەک بووە لە بەرامبەر کوژرانی منداڵ و کەسوکاریان لەلایەن داعشەوە. بەھۆی ئەو ھێرشەوە ھەشت کەس لەدانیشتووانی گوندی نەھر ئیمام کوژران و ئاگر لە خانوو و کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان بەردرا.