Zana Natık Kerem
18 تشرینی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2025
ھەولێر ــ AA
ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر، ھادی عامری و سەرۆکی ھاوپەیمانی عەزم، موسەننا سامەڕائی جەختیان کردەوە لەسەر پێویستی پاراستنی سەقامگیری سیاسی لە عێراق.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھادی عامری پێشوازی کردووە لە موسەننا سامەڕایی.
ڕاشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا دوا پەرەسەندنەکانی گۆڕەپانی سیاسی دوای ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ کراوە و جەخت کراوەتەوە لەسەر گرنگی بەھێزکردنی پەیوەندییەکان و نزیکبوونەوەی نیشتمانی لە نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکاندا.
باسی لەوەش کردووە کە لە میانی دیدارەکەدا، ھەردوو لا جەختیان کردووەتەوە لەسەر پێویستی پاراستنی سەقامگیری سیاسی و زاڵکردنی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و بەردەوامیدان بە کاری ھاوبەش، ئەوەیش بە ئامانجی دڵنیابوون لە سەرکەوتنی قۆناغی داھاتوو و خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی عێراق.