Zana Natık Kerem
14 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2022
هەولێر – AA
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند کە هیچ پاساوێك بۆ مووشەكبارانکردن و ناردنی درۆن بۆ هەرێمی كوردستان نابینن و داوایشی کرد سنوورێك بۆ هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دابنرێت.
ئەو گوتەیەی سەرۆکی هەرێم دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ دووشەممە سوپای پاسدارانی ئێران دووبارە هێرشی کردە سەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران "حدکا" لە کۆیە، ناوچەی زڕگوێز سەربە پارێزگای سلێمانی کە بارەگاکانی کۆمەڵەی لێیە.
نێچيرڤان بارزانى لە میانی بەشداریکردنی لە ڕێوڕهسمى راگهياندنى ئهنستيتيوتى داهێنان و نوێگهريى كوردستان رایگەیاند "زۆر بەداخەوە ئەم بەیانییە بە درۆن و مووشەك لە كۆیە و هەندێك شوێنی سنووری دراوە، هەرێمی كوردستان دەیەوێت ئەوە دووپات بكاتەوە كە دەیەوێت فاكتەری سەقامگیریی بێت لە ناوچەكە و دەیەوێت پەیوەندیی باشی هەبێت لەگەڵ هەموو دراوسێكانی و لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ ئێرانیش دەیەوێت پەیوەندییەكی باشی هەبێت".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیش: "بە راستی ئەوەی ئێمە لە تواناماندا هەبووە كردوومانە و بەردەوامیش دەبین و نابێت هەرێمی كوردستان ببێته سەرچاوەی هەڕەشە بۆ وڵاتانی دراوسێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەرفەتم بدەن ئەوەش بڵێم كە هیچ پاساوێك بۆ ئەو مووشەكبارانە و ناردنی ئەو درۆنانە بۆ كوردستان نابینین و داوا دەكەین سنوورێك بۆ ئەم جۆرە هێرشانە دابنرێت".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی داوایشی کرد کە سنوورێک بۆ هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دابنرێت و بەغدا وەکو سەروەری خاکی عێراق هەژماری بکات و گوتی: "ئەمە بەشێکە لە پێشێلکردنی گەورەی سەروەریی عێراق و بەغدا لەم بابەتەدا بێتە دەنگ و سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکارییانە دابنرێت كە لەسەر سەروەریی عێراق دەكرێت".
بەپێی دوایین ئامار لە ئاکامی هێرشەکاندا، دوو پێشمەرگە و هاووڵاتییەک گیانیان لەدەستداوە و هەشت پێشمەرگەی دیکەیش برینداربوون.
لە میانی دوو مانگدا، ئەمە دووەمجارە بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و بارەگاکانی کۆمەڵە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بکرێنە ئامانج.
پێشتر لە هەشتی ئەیلوولی رابردوودا، بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و بارەگاکانی کۆمەڵە لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کرانە ئامانج بە هۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن یەک رۆژە بوو.