Heman Hussein Yaseen
14 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2022
هەولێر - AA
بەهۆی بۆردومانەکانی ئێران بۆسەر قەزای کۆیە، گوندی هەرمۆتە کە دەکەوێتە نزیک شوێنی بۆردومانەکان، چۆڵکراوە.
گوندی هەرمۆتە کە نزیکەی ١٠٠ ماڵ دەبێت و زۆرینەیان مەسیحیین، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە کە نزیکە لە بارەگای پارتە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، دانیشتووانەکەی گوندەکەیان چۆڵکردووە و بەرەو شاری کۆیە و دەوروبەری رۆیشتوون.
هاوکات لە کۆیە، دەوامی قوتابخانەکان راگیراوە و دوکان و بازاریش بە تەواوی داخراون و ترس لە دووبارەبوونەوەی بۆردمانەکان هەیە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بۆ سێیەم جار ئێران لە رێگای چوار مووشەکەوە، بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا، ژمارەیەک کەس بوون بە قوربانی.
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا، هەشت کەس برینداربوون و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە.
دوای راگەیەندراوەکەش ئاماری گیانلەدەستدان بۆ سێ کەس بەرزبووەوە.
٢٨ی ئەیلوولی ئەمساڵ ئێران لە رێگای مووشەکەوە، بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە قەزای کۆیە، بارەگاکانی کۆمەڵە لە زڕگوێز و بارەگاکانی پارتی ئازادی کوردستانی لە ناحیەی پردێ بۆردومان کرد و ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە.